بەشار ئەسەد: شەڕ تەواو نەبووە و سەرنجمان لەسەر پاراستنی بەهاکانمانە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی سووریا رەتی دەکاتەوە شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەی کۆتایی هاتبێت و دەشڵێت، جوگرافیای سووریا بە جۆرێکە کە لە مێژوودا زۆرجار رووبەڕووی شەڕ و کاولکاری بووەتەوە.
 
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ناوەندیی چین ناسراو بە سی سی تی ڤی CCTV رایگەیاند، شەڕی نێوخۆی سووریا بەردەوامە و دوو مەترسیش لەم شەڕەدا هەن. یەکەمیان، "لیبراڵیزمی نوێی رۆژئاواییە کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات. دووەمیان، تووندڕۆییە. هەموو وڵاتان رووبەڕووی ئەم دوو مەترسییە دەبنەوە. سەرنجی ئێمە ئێستا بریتییە لە پاراستنی بەهاکانمان کە ناسنامەی نیشتمانییە. ناسنامەی نیشتمانی یارمەتیمان دەدات کۆمەڵگەکەمان و وڵاتەکەمان ئاوەدان بکەینەوە، بەڵام ئەگەر ناسنامەی نیشتمانی نەما، ئەو کاتە خەڵک ئامادە نییە بەرگری لە وڵاتەکەی بکات و کۆمەڵگەکەی بپارێزێت". 
 
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستی پێکرد و هەرزووش چەندین هێزی بیانی چوونە نێو ئەو وڵاتەوە. ئێستا سوپاکانی ئەمریکا، تورکیا، رووسیا و پاسداری ئێران لە سووریادان. 
 
رووسیا و ئێران پاڵپشتی لە ئەسەد دەکەن؛ تورکیا پاڵپشتی لە ژمارەیەک هێزی چەکداری دژی ئەسەد دەکات؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش یارمەتی هەسەدە دەدات. 
 
بەشار ئەسەد لەو بارەوە قسەی کرد و گوتی، "هێزە دەرەکییەکان ئاستەنگی گەورەن. ئەگەر دەستوەردانی دەرەکی بووەستێنین، ئەو کاتە کێشەی سووریا لە چەند مانگێکدا تەواو دەبێت، گرنگ نییە چەندە ئاڵۆز بێت."
 
رۆژی 21ی ئەم مانگە بەشار ئەسەد بە سەردانێک چووە چین و لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و پێکەوە جەختیان لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و دیمەشق کردەوە. 
 
ئەسەد لەو بارەوە قسەی کرد و گوتی، چین بووەتە هێزێکی کاریگەر و جەخت لە "جۆرێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە. سووریاش پێویستی بە هاوبەشی ستراتیژییە، گرنگ نییە چەند بچووک بێت. چین لە هەموو شوێنێک لە بواری سیاسییەوە لەگەڵ سووریادا بووە. چین لە بواری مرۆییەوە یارمەتی سووریاشی داوە. کاتێکیش گەڕامەوە دیمەشق ژمارەیەک کۆبوونەوە رێک دەخەم بۆ قسەکردن لەسەر میکانیزمی کارکردن و جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژە".