کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: بەلەمێک 60 هاونیشتمانی تێدایە و لە دەریای نێوەڕاست مەترسی نقومبوونی لەسەرە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت، ژیانی 60 هاونیشتمانی لە سنووری ئاوی نێوان یۆنان و ئیتاڵیا مەترسی لەسەرە.
 
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان شەوی هەینی 30ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆرینەی ئەو هاونیشتمانیانە خەڵکی هەرێمی کوردستانن و بەشێکیشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن".
 
ئەو سنوورەی بەلەمەکە تێیدا بووە دوایین خاڵی سنووریی دەریایی یۆنان و ئیتاڵیایە. بەکر عەلی گوتی، بەگوێرەی ئەو شوێنەی تێیدان چوار بۆ پێنج رۆژە بە رێگەوە بوون.
 
سەرۆکی رێکخراوی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئاماژەی بەوەشکرد، نوێنەرەکەیان لە یۆنان پۆلیسی دەریاوانی ئیتاڵیا و یۆنانی ئاگادار کردووەتەوە و پۆلیسی ئیتاڵیا دەڵێن، سنووری یۆنانە.
 
بە گوتەی بەکر عەلی، ئێستا کەشتییەک نزیکی بەلەمەکەیە و بە دەوریاندا دەسووڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر مەترسی جیدی لەسەریان بوو، پێش گەیشتنی پۆلیس رزگاریان بکەن.
 
ئەو بەلەمانەی کۆچبەران بە دەریای نێوەڕاستدا دەگەیێننە ئەورووپا زۆرینەیان ساڵی دروستکردنیان کۆنە. بەکر عەلی دەڵێت، "جگە لە کۆنی، هۆکاری سەرەکی رووداوەکان ئەوەیە بەلەمەکان زیاتر لە توانای خۆی کۆچبەریان تێدەکرێت".