سوپای ئیسرائیل: بەرپرسی بزووتنەوەی حەماسمان لە کەرتی رۆژئاوا کوشت

30-08-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ساتی بەئامانگرتنی سەرکردەکەی بزووتنەوەی حەماس.
ساتی بەئامانگرتنی سەرکردەکەی بزووتنەوەی حەماس.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماسی بە ناوی ویسام حازم لەشاری جنین، لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین راگەیاند. 
 
رۆژی هەینی، 30ی ئابی 2024، ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند لە باکووری شاری جنین، ئەو فەرماندەیان کردووەتە ئامانج، دوای ئەوەی بۆیان دەرکەتووە، لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری دیکە، شانەیەکی نووستوویان لەو شارە پێکهێناوە. 
 
لەوبارەیەوە، ئەدرەعی دەڵێ: "حازم بەرپرسیار بوو لە چەندین هێرش و چالاکی تیرۆریستی لە جنین و ناوچەکانی دەووروبەر. هەروەها فرۆکە جەنگییەکانمان دوو چەکداری دیکەشیان لەنێوبرد کە لەگەڵ حازم بوون و هەوڵیانداوە بە ئۆتۆمبێل هەڵبێن." 
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، حازم و چەکدارەکانی، لە جنین و ناوچەکانی دیکەی کەرتی رۆژئاوا، هاووڵاتیانی جوویان کردووتە ئامانج و "کاری تیرۆریستیان" کردووە. 
 
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی حازم، دوو چەکداری دیکەی تێدا بووە، چەکی جۆری ئێم 16، دەمانچە و نارنجۆک و چەندین جۆری دیکەی تەقەمەنی تێدا بووە، ئەمە بێجگە لەوەی بڕێک پارەشی پێبووە. 
 
کوشتنی ئەو فەرماندە باڵایەی حەماس لە کەرتی رۆژئاوا لەدوای ئەوە دێت، شەوی پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل، سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی بەناوی محەممەد جابر ناسراو بە ئەبو شوجاع لەگەڵ چوار چەکداری دیکە، کوشت.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی فەلەستین، لە سەرەتایی دروستبوونی ئاڵۆزییەکانی کەرتی رۆژئاوا کە هاوکات لەگەڵ جەنگی غەززە دروست بووە، زیاتر لە 660 چەکدار و خەڵکی سڤیل کوژراون.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە