هێزەکانی ئەمریکا دوو دەریاوانی ئێرانی رزگار دەکەن

30-08-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا دوو دەریاوانی مەدەنیی ئێرانییان لە سنووری ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە 23 ئەم مانگە رزگار کردووە. 
 
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، "سێنتکۆم" لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دوو دەریاوانە لە سنوورە ئاوییەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیان تووشی گرفت هاتوون و کاتێک گەیشتوون پێیان لە دۆخێکی "ناهەمواردا" بوون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکۆم، ‌هێزی دەریاوانیی ئەمریکی کە لەسەر کەشتیی جەنگی فڕۆکەهەڵگری یو ئیس ئێس تیدۆر رۆزڤێڵت بوون و ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن بۆ چاودێریی دۆخەکە، دوو دەریاوانە ئێرانییەکەیان رزگار کردووە.
 
ناردنی ئەو کەشتییە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و فوئاد شوکر، بەرپرسانی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان بوو کە ئێران بەڵێنی تۆڵەکردنەوەیانی لە ئیسرائیل داوە. ئەمریکا کەشتیی جەنگیی ئیبراهیم لینکن ـیشی ناردووەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
لەوبارەیەوە سێنتکۆم دەڵێت، "هاوکاریکردنی دەریاوان لە کاتی نەخوازراودا، یەکێکە لە ئەرکەکانی هێزەکانمان و هەمیشەش ئامادەین بۆ هاوکاریکردن، ئەمەش ئەرکێکی دروستە و سەلمێنەری ئەو راستییەشە کە ‌‌هێزی دەریایی ئەمریکا، هێزێکە ئامادەیە بۆ هەموو ئەرکێک." 
 
گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەدوای جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە فراوان بووە، بەتایبەت لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەو ناوچەیە بەتایبەتی کەشتییە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان. 
 
هێزەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکە، دوو کەشتی جەنگیی فڕۆکەهەڵگریان رەوانەی دەریاکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە لەگەڵ 22 فڕۆکەی جەنگیی جۆری سکوادرن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە