یونامی بۆ رووداو: سەردانەکەی پلاسخارت بۆ ئێران بۆ بەدەستهێنانی پشتگیرییە بۆ عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەردانی شاندی باڵای یونامی بۆ ئێران، بەشێکە لە هەنگاوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستپێکردنی هاوئاهەنگی و گفتوگۆ لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە.
رۆژی یەکشەممە، 30ی تەممووزی 2023، شاندی باڵای یونامی بە سەرۆکایەتی جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە تارانی پیاتەختی ئێران، لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی نێوخۆی عێراق و ناوچەکە و هاوئاهەنگی وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ عێراق تاوتوێکران.
لە دوای کۆبوونەوەکە، رێکخراوی یونامی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی پلاسخارت و وەزیری دەرەوەی ئێرانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، خاتوو جێنین هێنیس پلاسخارت، ئەمڕۆ لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرد".
بڕیارە پلاسخارت و شاندەکەی یونامی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیکەی ئێران کۆببنەوە. لەبارەی سەردانەکەی پلاسخارت، یونامی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەو سەردانە بەگوێرەی ئەرکی یونامییە بۆ رێخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و هاوئاهەنگی وڵاتانی ناوچەکە لە چەندین پرسدا، بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی بۆ عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش، نوێنەری سکرتێری گشتیی سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە کردووە".
لەماوەی رابردوودا، پلاسخارت سەردانی چەندین وڵاتی ناوچەکەی کردووە وەکو تورکیا، ئوردن و کوێت.
لەساڵی 2020، پلاسخارت بۆ یەکەمجار سەردانی ئێرانی کرد و لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران کۆبووەوە، بەمەبەستی بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکانی ئێران و عێراق.
پلاسخارتی تەمەن 50 ساڵان، لە ئابی 2018، وەکو نوێنەری ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەستنیشانکرا و پێش ئەو پۆستەش پلاسخارت بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەزیری بەرگریی هۆڵەندا بووە.