دوو هاونیشتمانی بۆ حەج چووبوونە سعودیە و لەوێ زیندانیکراون

30-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لەو هاونیشتمانییانەی ئەم ساڵ چوونەتە سعودیە بۆ حەج، دوو کەسیان لەو وڵاتە زیندانیکراون و یەکێکیش بەهۆی جەڵتەوە لە نەخۆشخانەدا چارەسەر وەردەگرێت.
 
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن بە فەرمی چوونە سعودیە. بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ئەوقاف، نزیکەی 15 هەزار هاونیشتمانیش بە ڤیزەی گەشتیاری چوونە ئەو وڵاتە. گەڕانەوەی حاجییان بەردەوامە؛ ئەوانەی بە فەرمی گەشتیان کردووە ئەمڕۆ دوایین گرووپیان دەگاتەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی.
 
ئەم ساڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی لە سعودیە ون بوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەموویان چارەنووسیان ئاشکرا بووە. 
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێکی حاجییان بە زیندوویی دۆزرانەوە و ئەوانەشی گیانیان لەدەستدابوو، دۆزرانەوە و بەخاکسپێردراون کە 30 هاونیشتمانی بوون و 29یان بە ڤیزەی گەشتیاری چوبوونە سعودیە".
 
هەر ئەم ساڵ بە هۆکاری جیا ژمارەیەک هاونیشتمانی لە سعودیە دەستگیرکران کە بە ڤیزەی گەشتیاری چووبوونە ئەو وڵاتە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە دوو کەس، هەموو ئەوانەی دەستگیرکرابوون ئازاد کراون.
 
ئەو دوو کەسەی لە زینداندا ماونەتەوە، کەسوکاریان چوونەتە سعودیە و پارێزەریان بۆگرتوون. بەگوێرەی ئەو دۆسیەی بۆیان کراوەتەوە و بەهۆیەوە زیندانیکراون، "لەگەڵ پۆلیسی سعودیەدا شەڕیان کردووە".
 
هەروەها هاونیشتمانییەکی دیکە کە بۆ حەج چووبووە سعودیە، جەڵتە لێی داوە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
 
23-6-2024 فەهد عەبدولڕەحمان، وەزیری تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، لە رێوەڕەسمەکانی حەجی ئەم ساڵدا هەزار و 301 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە 83%یان بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە سعودیە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە