رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی پارێزگای رووها (ئورفە) نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 30-04-2024 لە قودس (ئۆرشەلیم) هێرشی کردە سەر پۆلیسی ئیسرائیل و لە ئەنجامدا کوژرا.
پۆلیسی ئیسرائیل لەوبارەیەوە رایگەیاند، "لە دەروازەی سەهیرە (هێرۆد)، دەوروبەری کاژێر 12:30 کەسێک بە ساتوور (چەقۆی گەورە) ویستی لە پۆلیس بدات. پۆلیسیش تەقەیان لێکرد و ناچالاکیان کرد."
هەر بەگوێرەی گوتەی پۆلیسی ئیسرائیل، لە رووداوەکەدا پۆلیسێکی ئیسرائیلیش بریندار بووە.
بەگوێرەی بەشێک لە میدیای تورکیا، ئەو کەسە ناوی حەسەن ساکڵانان بووە و لە ناوچەی ئەیوبییەی رووها نیشتەجێ بووە. تەمەنی 34 ساڵ بووە و لە گوندی کەپەز-ی سەر بە ناوچەی خەلیلییە پێشنوێژ بووە. بەپێی زانیارییەکان، حەسەن ساکڵانان رۆژی 29-04-2024 لە ئوردنەوە خۆی گەیاندووەتە ئیسرائیل.
جەنگی ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە دەستیپێکرد کە چەکدارانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا بە گوێرەی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل، نزیکەی هەزار و 170 کەس کوژران.
هەر لەو رۆژەدا، چەکدارانی فەلەستینی زیاتر لە 250 کەسیان بە بارمتە گرت. هێشتا 129یان لە غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34 لەوانە مردوون.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، ئێستا گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی هەیە و هەردوولا هەڵوێستی ئەرێنییان لەمبارەیەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ