ئیسرائیل: بنکەکانی حیزبوڵڵا لەنێو سووریا بۆردوومان دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل جەخت لە بەردەوامیدان بە بۆردوومانەکانی بۆسەر خاکی سووریا دەکاتەوە و دەڵێت، بنکەکانی حیزبوڵڵا لەنێو ئەو وڵاتە بۆردوومان دەکەن.
 
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "دۆخەکەمان لە وەڵامدانەوەی هێرشی حیزبوڵڵاوە بۆ بەدووکەوتنیان گۆڕیوە؛ دەگەینە هەر شوێنێک حیزبوڵڵای لێ بێت، هەر لە لوبنانەوە تاوەکو دەگاتە دیمەشق، حومس و حەما لە سووریا."
 
لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە ئیسرائیل زیاتر لە 50 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سووریا و لانیکەم 114 کەسیش لە ئەنجامی هێرشەکانی کوژراون.
 
لە دوایین پێنج مانگی رابردوویشدا ئیسرائیل 4500 ئامانجی حیزبوڵڵای لە لوبنان و سووریا بۆردوومان کردووە.
 
ئادەم عەبدولمەولا، هاوئاهەنگیکاری مرۆیی لە سووریا دەڵێت، "هێرشە ئاسمانییەکانی هێزی بەرگریی ئیسرائیل بۆ سەر چەند هێزێکی نێو خاکی سووریا زۆر زیادیان کردووە؛ ئەوەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر لەو ناوچانە."
 
دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا بەرەبەیانی رۆژی هەینی بوو لە سنووری حەلەب، کە تێیدا 36 سەربازی سوپای سووریا، 7 چەکداری حیزبوڵڵا و چەکدارێکی لایەنگری ئێران کوژران.