کەمیی هاوکارییەکان 64%ی دانیشتووانی غەززەی رووبەڕووی کەمیی خۆراک و برسێتی کردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە لایەک هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و لە لایەکی دیکە وەڵامی حەماس بۆ ئیسرائیل؛ 175 رۆژە ئەم جەنگە بەردەوامە. بە دووریی چەند کیلۆمەترێکیش لە بەرەی جەنگ، خەڵکی کەمپەکان بەدەست کەمیی خۆراکەوە دەناڵێنن.
 
دایکێک لە غەززە بەناوی شەیما زەنت دەڵێت، "هیچ شتێک لە شاری غەززە نییە. هیچ کام لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی لێ نییە. هیچ سەوزە، میوە، گۆشت و هیچ شتێکی لێ نییە بۆ خواردن. ئەم منداڵە لە هەموو ئەوانە بێبەشە و جەستەی زۆر لاواز بووە. کێشی زۆر کەمبووەتەوە و وشکبووەتەوە."
 
لە ساڵی 2024دا، نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا 11 کاروان خۆراکی گەیاندووەتەوە کەرتی غەززە. لە کاتێکدا رێکخراوەکە دەڵێت، نزیکەی ملیۆنێک و 450 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین پێویستی بە هاوکاریی مرۆییە.
 
کەمیی هاوکارییەکەش وایکردووە، زیاتر لە 64%ی دانیشتووانی غەززە رووبەڕووی کەمیی خۆراک و برسێتی ببنەوە.
 
ماتیو هۆلینگوۆرس، بەڕێوەبەری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە فەڵەستین دەڵێت، "زۆر پێویستمان بە رەخساندنی ئەو هەلومەرجانەیە کە یارمەتیدەر بن بۆئەوەی خۆراک بگەیێنینە ئەم ناوچەیە؛ ئەگەر بمانەوێت رێگری لە برسێتیی زیاتر، مردنی زیاتر و لەدەستدانی منداڵی زیاتر بکەین."
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بەپەلە بە کەرتی غەززە، پێویستیان بە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلارە. دۆخەکە لە کاتێکدایە، دووشەممەی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری ئاگربەستی بۆ مانگی رەمەزان دەرکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.