بەڵگەنامە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن ئەندامانی خێزانی ئەسەد سیخوڕییان بەسەر یەکدیشەوە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەنامە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن، هیچ شوێنێک نەمابوو دامودەزگەکانی دەسەڵاتی ئەسەد سیخوڕیی بەسەریەوە نەکەن، لە قوتابخانەکانەوە بگرە تاوەکو دەگاتە ماڵەکان و تەنانەت ئەندامانی خێزانیش.
شیکردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان پێشانیدەدات، ئەندامانی خێزانی ئەسەد سیخوڕییان بەسەر یەکدییەوە کردووە.
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، تەنانەت سیخوڕی بەسەر قوتابیانیشەوە کراوە و مامۆستایان ناپاکییان لە خوێندکارەکانیان کردووە.
بەڵگەنامەکان کە ئەلیکترۆنی و چاپکراون، دەریدەخەن، چۆن سیخوڕەکانی دەسەڵاتی ئەسەد چوونەتە نێو خۆپێشاندانەکان، دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 دەستیانپێکرد.
سیخوڕەکان وردەکاریی ژیانی رۆژانەی ئەو کەسانەیان کۆکردووەتەوە کە هەندێ جار زانیاریی لاوەکی و بێزارکەر بوون. بۆ نموونە، دایکی کەسەکە لە کوێ ئۆتۆمبێلەکەی چاککردووەتەوە، دوایین جار کەی سەردانی خزم و کەسوکاری کردووە، تاوەکو دەگاتە ئەوەی چەند خانوو و شوقەی هەیە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، هیچ کەس لە چاوی سیخوڕەکان دوور نەبووە، تەنانەت منداڵانی قوتابخانەکانیش. بەهاری رابردوو، لە شاری حمس، منداڵێکی 12 ساڵانیان دەستگیرکردبوو "دوای ئەوەی کاخەزێکی دڕاندبوو کە وێنەی بەشار ئەسەدی لەسەربوو."
یەکێک لە مامۆستاکان، کاخەزە دڕاوەکەی لەنێو سەبەتەی زبڵەکەدا دۆزیبووەوە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی لێ ئاگادار کردبووەوە، ئەویش بە بنکەی پۆلیسی گوتبوو و پاشان دۆسیەکە درابووە لقی هەواڵگریی سیاسی.
هەر گومانلێکراوەکان نین کە سیخوڕییان بەسەرەوە کراوە، بەڵکو تەنانەت ئەو زیندانیانەشی کە ئازاد دەکران، لە چاوی هەواڵگری ون نەدەبوون. سیخوڕەکان چاودێریی هەموو جموجووڵێکیان دەکردن، لە رۆیشتنە دەرەوەی ماڵەکانیان تاوەکو دەگاتە ئەو پۆستانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیانکردن.