رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا دەڵێت، "کورد پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی سووریایە" و لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گفتوگۆدان.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، کە رۆژی یەکشەممە بەشێکی بڵاوکراوەتەوە، ئەحمەد شەرع جەختی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووەتەوە. هەروەها رایگەیاندووە: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ هەسەدە لە پەیوەندیداین."
شەرع کە بە ئەبو محەممەد جۆلانی دەناسرێت و سەرۆکی دەستەی تەحریری شامە، باسی لەوە کردووە، "بە هیچ شێوەیەک سووریا دابەش ناکرێت و هیچ فیدراڵییەکیشی نابێت. هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا."
دەشڵێت: "رێگە نادەین سووریا ببێتە سەکۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی پەکەکە."
بە گوتەی شەرع، هەتەشە بە هەمان شێوە "هەڵدەوەشێنرێتەوە و ئەمە لە کۆڕبەندی گفتوگۆی نیشتمانییدا رادەگەیێنرێت."
گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئەسەد، بە سەرکردایەتیی هەتەشە، دوای هێرشێکی کتوپڕ و خێرا، 8ی کانوونی یەکەم، کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
شەرع ئاماژە بەوە دەکات، نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا دەکرێت 3 ساڵ بخایەنێت و رێکخستنی هەڵبژاردنەکانیش چوار ساڵی دەوێت.
شەرع پێیوایە، "هەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، پێویستی بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانە،" کە ئەوەش کاتی دەوێت.
فەرماندە سەربازییەکە دەڵێت، ئێستا وڵاتەکەی لە قۆناخی بونیادنانی یاسادایە، جەختیش دەکاتەوە کە "کۆڕبەندی گفتوگۆی نیشتمانی" هەموو پێکهاتەکانی سووریا کۆدەکاتەوە و لیژنەی تایبەتمەند پێکدێن و بە دەنگدان پرسەکان یەکلادەکەنەوە.
ئەحمەد شەرع مەزەندە دەکات، "سووریا پێویستی بە ساڵێک بێت تاوەکو هاووڵاتیی هەست بە گۆڕانکارییە ریشەییەکان لە بواری خزمەتگوزاریدا بکات."
لەبارەی ئەوەی کە بۆچی هەموو بەرپرسانی حکومەتی کاتیی سووریا تەنیا سەر بە دەستەی تەحریری شامن، ئەحمەد شەرع دەڵێت، قۆناخەکە پێویستی بەوەیە "یەکڕیزی" لەنێو دەسەڵاتی نوێدا هەبێت و "شێوازی دامەزراندنی ئێستا پێویستییەکی قۆناخەکە بوو و ئامانج لێی پەراوێزخستنی کەس نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ