جوو و عەرەبەکانی ئیسرائیل داوای راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
عەرەب و جووەکان لە شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیل خۆپێشاندان دەکەن و داوای راگەیاندنی ئاگربەستی شەڕ و چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین دەکەن.
ئاورا سوسمان، یەكێکە لە خۆپێشاندەران و دەڵێت، "ئەم خۆپێشاندانە لەبارەی عەرەب و جووەکانە کە پێکەوە وەستاون. ئێمە لێرە لەم وڵاتە پێکەوە دەژین و پێموایە دەبێت پێکەوە بژین و بە ئاشتیانەش بژین. لەگەڵ ئەوەش دام پێویستە چارەسەری دوو دەوڵەتی هەبێت".
ئیتای ئایل، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئیسرائیلییەکان، فەلەستینییەکان، موسڵمان، جووەکان و کریستیانەکان، ئێرە ماڵی هەمووانە. تاکە چارەسەر ئەوەیە دان بە مافی هەموواندا بنرێت و هەمووان شیاوی ژیان. ئازادی و سەربەخۆیی و شکۆمەندین، بێ ئەوەی گوێ بدرێتە باکگڕاوند و ئایینەکانیان".
شەپۆلی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئیسرائیل دژی جەنگە 83 رۆژییەکەی غەززە کە تائێستا بووەتە هۆی کوشتنی زیاتر لە 22 هەزار کەس، تا دێت فراوان دەبێت.
لە ئورشەلیم – قودس، گەنجانی ئیسرائیل داوا لە حکومەت دەکەن ئاگربەست رابگەیێنێت بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکرێن و سەقامگیریی بگەڕێتەوە وڵاتەکەیان.
نائما خۆپێشاندەرە و باس لەوە دەکات، "خۆم دەبینم روو لە ئەوروپا دەکەم، بەڵام ئێستاکە لەوێش تەوژمی دژە جوو هەیە و ئەمەش دەمترسێنێت و نازانم بۆ کوێ بچم. جووەکان هیچ شوێنێکی ئارامیان لە جیهاندا نییە رووی تێبکەن".
لەدەستپێکی جەنگی غەززە و زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی سڤیل. بزووتنەوەی دژە جەنگ لە ئیسرائیل دروستبووە و بەردەوام خۆپێشاندان دژی حکومەتی ئیسرائیل دەکەن بەمەبەستی ناچارکردنی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل تاوەکو شەڕ رابگرێت و کار بکات بۆ ئازادکردنی 129 بارمتە، کە هێشتا لای حەماسن و ئابڵوقەی سەر کەرتی غەززەش هەڵبگرێت.