کابینەی جەنگی ئیسرائیل: دەبێت شەڕ بەردەوام بێت

29-12-2023
لهۆن نەسرەدین
تانکێکی ئیسرائیلی لە نزیک غەززە. وێنە: AFP
تانکێکی ئیسرائیلی لە نزیک غەززە. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شەڕی غەززە لە سێ مانگ نزیک دەبێتەوە. هێشتا ئامانجە سەرەکییەکەی ئیسرائیل بەدەستنەهێنراوە کە بریتییە لە کۆتاییهێنان بە حەماس و دەستگیرکردن یان کوشتنی سەرکردەکانی.
 
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کابینەی جەنگی ئیسرائیل کە تایبەت بە جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ پێکهێندرا، سوورە لەسەر درێژەدان بە جەنگەکە.
 
بێنی گانتز، ئەندامی کابینەی جەنگی ئیسرائیل دەڵێت، "هەزاران تیرۆریستمان لەناوبردووە. ئۆپەراسیۆنەکانمان بە بەهێزی دەستپێکرد و ئێستا دەبێت درێژەیان پێ بدەین و بەپێی پێویست فراوان و قووڵتریان بکەین".
 
لە کۆبوونەوەی کابینەی جەنگی ئیسرائیل لە شەوی 28ی ئەم مانگە، پارتە راستڕۆکان گوشاریان بۆ نەتەنیاهوو هێنا تاوەکو باس لە چارەسەری سیاسی نەکات؛ لە نێویاندا دەستپێشخەرییەکەی میسر کە هەفتەی رابردوو دایە دەستی ئیسرائیل؛ حەماسیش دەڵێت دەستێکم بۆ دەستپێشخەرییەکان درێژکراوە و دەستەکەی دیکەم بۆ شەڕ.
 
ئوسامە حەمدان، بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماسە و دەڵێت، "سەبارەت بە دەستپێشخەری و رێگە چارە سیاسییەکان کە باس دەکر‌ێن؛ حەماس کراوەیە بۆ هەر بیرۆکەیەک ببێتە هۆی وەستاندنی دوژمنکارییەکان بۆ سەر وڵات و گەلمان؛ بەڵام دەبێت سەرکردەکانی دەسەڵاتی داگیرکار ئەوە بزانن؛ دیلەکانیان بە زیندوویی نابیننەوە مەگەر دووژمنکارییەکەیان بە تەواوەتی بوەستێنن".
 
ئاماژەکان بە ئاراستەی هەڵکشانی شەڕەکە دەڕۆن؛ ئیسرائیل باس لە کۆنترۆڵکردنی سنووری نێوان غەززە و میسر دەکات کە بە میحوەری فیلادێلفیا ناسراوە و بە سەرچاوەی پڕچەککردنی حەماس ناویدەبات.
 
قاهیرەش دەڵێت ئەوە هێڵی سوورە؛ جگە لەوە بە پێشێلکردنی رێککەوتنی کامپ دەیڤدی ئاشتی ساڵی 1979ی نێوانیان دەزانێت.
 
لە بەرەی باکووریش، بەشێك لە ئەندامە تووندڕۆکانی حکومەتی ئیسرائیل داوا دەکەن سوپای وڵاتیان بچێتە باشووری لوبنان بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و دەمکوتکردنی سەرکردەکانی؛ هاوکات، دەڵێن باشترین رێگەی دابینکردنی ئاسایشی ئیسرائیل، کۆنترۆڵکردنی ئەمنی و سەربازی باکووری غەززەیە بۆ ئەوەی هەرگیز هێرشی هاوشێوەی 7ی ئۆکتۆبەر دووبارە نەبێتەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە