رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ناسراو بە "سێنتکۆم" رایدەگەیێنێت، درۆنێک و مووشەکێکی گرووپی حووسییەکانیان لەسەر دەریای سوور تێکشکاندوون.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 29ی کانوونی یەکەمی 2023، سێنتکۆم لە هەژماری تایبەتیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە کە بەرپەرچی هێرشی درۆنی و مووشەکیی حووسییەکانیان داوەتەوە ئەوەش "وەکو رێکارێک بۆ پاراستنی ئاسایش و ئازادیی هاتووچۆی کەشتییەکان لە دەریای سوور لە ئەو گرووپە چەکدارە یەمەنییە."
لە بەرپەرچدانەوەکەدا، بە گوێرەی زانیارییەکانی سێنتکۆم، سیستمی دژە مووشەکیی یو ئێس ئێس مەیسن، بەکارهاتووە بۆ تێکشکاندنی درۆنەکە. ئەو مووشەکەیشی ئاراستەی کەشتییەکان کراوە، بالیستیی دژە کەشتی بووە.
سێنتکۆم دەڵێت، "هیچ زیانێک بەر ئەو 18 کەشتییە نەکەوتووە کە لەکاتی هێرشەکە لەنێو دەریادا بوون و هیچ کارمەندێکی ئەو کەشتییانەش بریندار نەبوون."
هەروەها سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە لە 19ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە، 22 جار هێرش کراوەتە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکانی نێو دەریای سوور.
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا "پێنتاگۆن"، هەڵمەتی نێودەوڵەتیی "ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی خۆشگوزەرانی،" راگەیاند، ئەمەش وەک پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریا سوور لە بەرامبەر هێرشە یەک لە دوا یەکەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی نێو ئەو دەریایە.
لە سەرەتای دەستپێکی ئەرکە نوێیەکەیشیان، ئەمریکا رایگەیاندووە، تائێستا 17 درۆنی حووسییەکانیان لەسەر ئەو دەریایە تێکشکاندووە.
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە و دەستپێکردنی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، حووسییەکان رایانگەیاند، رێگەنادەن هیچ کەشتییەکی ئیسرائیلی بەنێو دەریای سووردا تێپەڕێت، بەڵام لە هێرشەکانیاندا، حووسییەکان بێجگە لە کەشتیی ئیسرائیلی، کەشتیی وڵاتانی دیکەشیان کردووەتە ئامانج. ئێستا زۆربەی کەشتییەکان رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لەو کەشتییانە.
دەریای سوور و کەنداوی عەدەن یەکێکن لە سەرچاوە داراییەکانی جیهان و ساڵانە نزیکەی 10٪ـی بازرگانیی جیهان بەنێو دەریای سووردا تێپەڕدەبێت.
هاوکات رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ژمارەیەک سزای نوێی بەسەر ئەو کەسایەتی و کۆمپانیا تایبەتانەدا سەپاند کە ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن و رۆڵیان هەبووە لە دابینکردنی هاوکارییە داراییەکانی ئێران بۆ ئەو گرووپە چەکدارییە یەمەنییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ