لە کوێت و سعودیە بەفر باری
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ رۆژە شەپۆلێکی سەرما و سۆڵە رووی لە کوێت و سعودیە کردووە و لە بەشێکی ناوچەکان بەفر و تەرزە باری. خەڵکیش یاری لەنێو بەفردا دەکەن و دیمەنەکانیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە.
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2022، محەممەد کەرەم، بەڕێوبەری پێشووی کەشناسیی کوێت رایگەیاند، "لە 15 ساڵی رابردوودا ئەوەندە تەرزەیەمان لە وەرزی زستاندا نەبینیوە، پێشبینی دەکەین بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە رووداوی لەمجۆرە لە وڵاتەکەدا دووبارە بێتەوە".
کوێت یەکێکە لە گەرمترین ناوچەکانی زەوی، چەند رۆژێکە بەر شەپۆلێکی تووندی سەرما کەوتووە.
منداڵان لە شاری ئوم هەیمەن کە بە دووریی 50 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شاری کوێتی پایتەختی وڵاتەکەوە، بە بەستنی ملپێچ، لەبەرکردنی کڵاو و چاکەتی زستانەوە روویان لە دەرەوە کرد و یارییان لەنێو بەفر و تەرزەدا کرد کە شەقامەکانی سپیپۆش کردبوو.
بەڕێوبەرایەتیی کەشناسیی کوێت دەڵێت، لە رۆژی سێشەممەوە بارین گەیشتووەتە 63 ملیم. وڵاتەکەی ناوچەی کەنداو کە بە نەوت دەوڵەمەندە، لە هاویندا بەرگەی پلەیەکی بەرزی گەرما دەگرێت و زانایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە داهاتوودا بۆ ژیان دەستنەدات.
لە ساڵی 2016 دا، بۆ یەکەمجار پلەی گەرمی 54 پلەی سیلیزی تێپەڕاند. بەڕێوبەرایەتیی ژینگەی کوێتیش هۆشداریدەدات لەوەی کە لە ساڵی 2071ـەوە تاوەکو 2100 پلەی گەرمیی وڵاتەکە تێکڕا 4.5 پلە بەرزدەبێتەوە.
سعودیە
هەر لە رۆژی سێشەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین چیای لووز-ی لە شاری تەبووکی باکووری رۆژئاوای سعودیەی گرتەوە و بە سەدان گەشتیار لە سەرتاسەری سعودیە روویان لە شاری تەبووک و چیای لووز کرد.
شاری تەبووک دەکەوێتە نزیک سنووری ئۆردن بەراورد بە ناوچەکانی دیکە سعودیە لەسەر ئاستی دەریا بەرزترە، بەشێوەیەک 750 مەتر لە سەر ئاستی رووی دەریا بەرزە. هاوکات، چیای لووز بەرزییەکەی لەسەر ئاستی رووی دەریا 2549 مەتر بەرزە.
رۆژی سێشەممە، 27ـی کانوونی یەکەم، لە چیای لووزی تەبووک بەفربارین دەستیپێکرد و چیاکەی سپیپۆش کرد. پلەی گەرمیی لەسەر چیاکە چەند پلەیەک بۆ خوار سفر پلەی سیلیزی دابەزیوە.
بەگوێرەی کەشناسیی سعودیە، تاوەکو رۆژی یەکشەممە شەپۆلی سەرما بەردەوام دەبێت و ئەگەری بەفربارینی زیاتریش هەیە. بۆ رۆژی دووشەممەش، شارەکانی مەککە، مەدینە، جازان و تەبووکیش بارانی بەخوڕ ببارێت.