ئیدارەی ئۆباما یارمەتیی حیزبوڵڵای لوبنانی داوە
رووداو- هەولێر
ساڵی 2008 فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە ئەمریكا (DEA) دەستی بە هەڵمەتێك كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی مادە هۆشبەرەكان لەلایەن رێكخراوی حیزبوڵڵای لوبنانییەوە. لە ماوەی هەشت ساڵدا 30 دەزگای هەواڵگریی ئەمریكی و وڵاتانی دیكە، زانیاری و نەخشەی وردیان لەسەر تۆڕی قاچاخی مادە هۆشبەرەكانی حیزبوڵڵا كۆكردبووەوە كە ساڵانە نزیكەی یەك ملیار دۆلار داهاتی بۆ رێكخراوەكە بەدواوە بوو. بەڵام ئیدارەی ئۆباما بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران هەموو ئەو هەوڵانەی پەكخست.
بەگوێرەی بەدواداچوونێكی گۆڤاری (پۆلیتیكۆ)ی ئەمریكی، لە گەرمەی كارەكانی ئەو تیمەدا ئیدارەی ئۆباما بەربەستی گەورەی بۆ دروستكردوون، بەجۆرێك كاتێك تیمی لێكۆڵینەوە داوای مۆڵەتی لێكۆڵینەوە، دەستگیركردن و سەپاندنی سزای لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا كردووە، وەزارەتەكە جێبەجێكردنی داواكانی دواخستووە و هەندێكیانی هەر رەتكردووەتەوە.
هەڵمەتەكە بە پڕۆژەی "كاساندرا" ناوی دەركردبوو، لەو پرۆژەیەدا ناوی كەسانی پلەباڵای حیزبوڵڵا هەبوو كە دەستیان لە تۆڕی قاچاخی مادە هۆشبەرەكاندا هەبووە، لەوانەش نێردەی تایبەتی حیزبوڵڵا بۆ ئێران، بانكێكی لوبنانی كە گومان دەكرا چەندین ملیار دۆلاری پەیوەندیدار بە قازانجی مادە هۆشبەرەكانی سپی كردبێتەوە و شانەیەكی سوپای قودس لە ئەمریكا، بەڵام بە گوێرەی بەدواداچوونەكەی (پۆلیتیكۆ)، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەموو داواكارییەكانی بۆ دەستگیركردنی كەسانی پەیوەندیدار بەو دۆسیە رەتكردەوە.
دەیڤد ئاشەر كە دەستی لە دامەزراندن و چاودێریكردنی پڕۆژەی كاساندرادا هەبوو، لەوبارەیەوە دەڵێت: "بڕیارەكان سیاسی و سیستەماتیك بوون. ئەوان هەموو هەوڵەكانی ئێمەیان پووچەڵ كردەوە. بڕیارەكانیش لە سەرەوە دەهاتن".
باراك ئۆباما لە ساڵی 2009 وەكوو سەرۆكی ئەمریكا دەستبەركار بوو. لە كاتی كەمپینەكانی هەڵبژاردنی ئەمریكاشدا جەختی لەوە دەكردەوە كە سیاسەتی ئیدارەی پێش خۆی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران سەركەوتوو نەبووە. ئەوكات جۆن برێنان، بەرپرسی پێشووی (CIA)، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئۆباما بوو. برێنان پێیوابوو ئەمریكا دەبێت رێگایەك بۆ كردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران بدۆزێتەوە، بەڵام ئەو هەوڵە دەبێ هاوتەریب بێت لەگەڵ هەوڵی میانڕەوكردنی حیزبوڵڵادا.
بەپێی زانیارییەكانی پرۆژەی كاساندرا، هەوڵەكانی ئۆباما و برێنان بۆ نزیكبوونەوە لە ئێران و حیزبوڵڵا هۆكار بوون بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا مامەڵەیەكی توند لەگەڵ عەمیلەكانی حیزبوڵڵادا نەكات. نموونەی ئەمەش عەلی فەیاز بوو كە بە عەمیلێكی پلەباڵای حیزبوڵڵا دەزانرا و لە بەهاری 2014 لە پراگ دەستگیركرا و ماوەی دوو ساڵ دەستبەسەر بوو، بەڵام ئیدارەی ئۆباما هیچ هەوڵێكی نەدا بۆئەوەی فەیازی رادەست بكرێتەوە.
فەیاز یەكێك بووە لەوانەی دەستی باڵای لە گواستنەوەی چەك بۆ سووریا و عێراق هەبووە، پلانی كوشتنی فەرمانبەرانی حكومەتی ئەمریكای داڕشتووە و هەوڵی گواستنەوە و بەكارهێنانی مووشەكی دژی فڕۆكەی داوە. دواجار فەیاز رەوانەی بەیروت كرایەوە و بەرپرسانی ئەمریكیش پێیانوایە ئێستا لە سووریا یارمەتی میلیشیاكان دەدات.
بەگوێرەی بەدواداچوونی (پۆلیتیكۆ)، ئیدارەی ئۆباما شكستیان بە هەوڵەكانی كاساندرا هێنا بۆ دەستگیركردنی عەمیلێكی دیكەی حیزبوڵڵا كە بە "تارمایی" ناوی دەركردبوو. كەسانی ئاگادار لە كەیسی "تارمایی" دەڵێن ئەوە یەكێك لە گەورەترین قاچاخچییەكانی كۆكایینە لە جیهاندا.
بەرپرسانی ئیدارەی پێشوو رەتیدەكەنەوە ئەوان پەتەكەیان بۆ حیزبوڵڵا شل كردبێت، بۆ ئەوەش ئاماژە بۆ دەستگیركردنی هەشت ئەندامی حیزبوڵڵا لە ئەوروپا دەكەن. تیمی پڕۆژەی كاساندراش دەڵێن ئەو هەڵمەتە لە 2016 بووە، واتە كاتێك رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران كرابوو.
كاترین باوەر، بەرپرسێكی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند "لە ماوەی ئیدارەی ئۆبامادا، لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە رێكخراوی حیزبوڵڵا زۆر كەم كرانەوە، چونكە دەترساین ئەمە ئێران بشڵەژێنێ و كێشە بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە دروست بكات" كە ئۆباما بە گەورەترین دەستكەوتی سیاسەتی دەرەوەی خۆی دەزانی.
دەیڤید ئاشەر كە نوێنەری پێنتاگۆن بووە لە كاساندرا، دەڵێت: "هەرچی لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران نزیك دەبووینەوە، لێكۆڵینەوە لە حیزبوڵڵاش كزتر دەبوو". رۆژی 17ی كانوونی دووەمی 2016، ئۆباما دوایین رێككەوتنی لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە راگەیاند. چەند مانگێك دوای ئەمەش پڕۆژەی كاساندرا بە كردەوە هەڵوەشایەوە. بەوپێیەش ئەمریكا نەك هەر زانیاری لەسەر چالاكییەكانی حیزبوڵڵا لەبواری مادە هۆشبەرەكان كەمبووەوە، بەڵكو ئاگای لە پەیوەندییە شاراوەكانی حیزبوڵڵاش لەگەڵ رووسیا، سووریا و ڤەنزویلا نەما. بەگوێرەی راپۆرتەكەی (پۆلیتیكۆ)، بەشێكی زۆر لە كۆكایینی حیزبوڵڵا لە رێگەی ڤەنزوێلاوە رەوانەی ئەمریكا دەكرێ.
جۆن كێڵی كە وەكوو نوێنەری (DEA) لە گرووپی كاساندرا كاری دەكرد، دەڵێت ئیدارەی ئێستای ئەمریكا پەیوەندییان بە ئەندامانی باڵای كاساندراوە كردووە، بەڵام زۆربەی ئەندامانی پێشووی پڕۆژەكە پێیانوایە زیندووكردنەوەی كاساندرا كارێكی ئاسان نییە. كێڵی لەمبارەیەوە بە (پۆلیتیكۆ)ی راگەیاند "نەدەبووایە رێگە بدرێت ئەو هەوڵانە لەناوبچن. ئێستا سەرچاوەكانمان نەماون. كێ دەڵێت ئەو كەسانەی پێشتر قسەیان بۆ كردبووین، ئێستاش ئامادەن شایەتی بدەن؟".
دێرێك واڵتز، ئەندامێكی باڵای كاساندرا، جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو زیانەی ئیدارەی ئۆباما بە هەوڵەكانی ئەوانی گەیاندووە بە ئاسانی چاك نابێتەوە و "ئەمە شەمەندەفەرێك بوو كە لە سكەی خۆی لایدا".
پڕۆژەی كاساندرا كاری لەسەر ژمارەیەك ئۆپەراسیۆن كردووە كە فراوانییەكەیان ئاماژەیەكی روونە بە بەربڵاویی چالاكییە قاچاخ و نایاساییەكانی حیزبوڵڵا. بەشێك لە ئۆپەراسیۆنەكان بریتی بوون لە ئۆپەراسیۆنی تیتان كە كاری لەسەر پەیوەندی نێوان پارە سپیكەرەوەكانی حیزبوڵڵا و قاچاخچییەكانی مادەی هۆشبەر لە كۆڵۆمبیا كردووە. ئۆپەراسیۆنی پێرسیۆس، كاری لەسەر ژمارەیەك سەندیكا و ناوەندی ڤەنزوێلا كردووە. ئۆپەراسیۆنێكی دیكەش لەو هەزاران ئوتۆمبێلە بەكارهاتووەی كۆڵیوەتەوە كە لە ئەمریكاوە رەوانەی ئەفریقا كراون. هەموو ئەو تۆڕانەش دەگەڕێنەوە بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی.
راپۆرتەكانی كاساندرا وای دەردەخەن كە ئەمە شتێكی سەیر نییە، لەبەر ئەوەی حیزبوڵڵا چەندین دەیەیە بە هاوكاریی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران كار دەكات بۆ ئەوەی تۆڕێكی كاری بازرگانی دامەزرێنێت كە لە هەمانكاتدا پێشەنگی بازرگانیی رەشیش بن، بۆ ئەوەی "بە هەمان ئەو رێگایەی مریشكی بەستوو یان كەرەستەی كارەبایی دەگوازرێتەوە، چەك و تەقەمەنیش رەوانە بكرێت و پارە سپی بكرێتەوە و كەرەستەی پێویست بۆ بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكەی ئێران دابین بكرێت".
بەدواداچوونەكەی پۆلیتیكۆ دەریدەخات چۆن هەوڵەكانی ئۆباما بۆ نزیكبوونەوە لە ئێران و تەواوكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا، رۆڵی سەرەكی بینیوە لەوەی توانای دارایی حیزبوڵڵا گەشە بكات و تۆڕەكانی ئەو رێكخراوەش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا و باكوور و باشووری كیشوەری ئەمریكا فراوان ببێت.