سەرچاوە خۆجێییەکان: لە شەڕەکانی ئیدلب و حەلەبدا 277 کەس کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی دوایین ئامار کە لەلایەن سەرچاوە خۆجێییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە رۆژی چوارشەممەوە لە شەڕی نێوان دەستەی تەحریری شام و سوپای سووریا لە پارێزگەکانی حەلەب و ئیدلب، لانیکەم 277 کەس کوژراون کە 156 کەسیان سەر بە دەستەی تەحریری شام و 93یان سەر بە سوپای سووریا بوون.
دەیڤد کاردن، جێگری هاوئاهەنگیکاری کاروباری مرۆیی هەرێمیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لەم سێ رۆژەدا 27 کەسی سڤیل لە هەردوو پارێزگەکە کوژراون، لە نێویاندا هەشت منداڵ هەن.
سوپای سووریا دەڵێت، بەردەوامە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە کتوپڕەکە. سوپاکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "زیانی گەورە"ی بە دەستەی تەحریر شام و چەکدارە هاوپەیمانەکانی گەیاندووە.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، گرووپە چەکدارەکان بە قووڵایی 8 کیلۆمەتر چوونەتە نێو شاری حەلەب و 6 گەڕەکیان کۆنترۆڵکردووە.
لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ئەبو محەممەد جۆلانی، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام دەڵێت، دەستیان کردووە بە چوونەنێوەوەی شاری حەلەب بۆ ئەوەی "خەڵکەکەی لە ستەم رزگاربکەن."
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) هێرشەکەی بە پێشێلکاریی دژی سەروەریی خاکی سووریا ناوبرد و گوتی، رووسیا هیواخوازە سوپای سووریا زوو هێرشەکە تێکبشکێنێت.
رووسیا لە شەڕی نێوخۆی سووریا پشتیوانیی سەرەکیی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدە. بە گوتەی چالاکڤانان، تەنیا لە رۆژی هەینیدا فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا و رووسیا 23 هێرشیان کردووەتە سەر شاری ئیدلب و دەوروبەری.
ئەمە یەکەمین جارە لە ساڵی 2016ـەوە هێرشێکی گەورەی لەم جۆرە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بکرێتە سەر دووەم گەورەترین شاری سووریا، دوای ئەوەی لەو ساڵەدا دوای هێرشی چڕی حکومەتی سووریا بە پشتیوانی رووسیا، ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیان، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکە کە تورکیا پشتیوانییان دەکات لە گەڕەکانی رۆژهەڵاتی شارەکە دەرکران.
هێرشەکە لە کاتێکدا هات کە ئەو گرووپە چەکدارانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و پشتیوانییان لە هێزەکانی سووریا کردووە، بە شەڕی ئیسرائیلەوە سەرقاڵن.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەسام سەباغی هاوتا سوورییەکەی "جەختی لە پشتیوانیی بەردەوامی ئێران بۆ حکومەت، گەل و سوپای سووریا لە شەڕی دژی تیرۆردا کردەوە" و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی "بە بەشێک لە نەخشەڕێژیی ئەمریکا و زایۆنییەکان دوای ئەو نسکۆیانەی ئیسرائیل لە لوبنان و فەلەستین رووبەڕووی بووەوە" ناوبردووە.
تورکیاش دەڵێت، پاراستنی ئاسایشی ئیدلب بۆ وڵاتەکەیان "جێگەی بایەخە".
ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ئیدلب و ناوچەکانی دەوروبەری بۆ وڵاتەکەمان پرسی لەپێشینەیە."
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، تورکیای تۆمەتبارکرد بەوەی لە پشت ئەم هێرشەی گرووپە چەکدارەکانەوەیە و گوتیشی، "لە نزیکەوە" چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
سوپای سووریا دەڵێت، گرووپە چەکدارەکان بەم هێرشە رێککەوتنێکی ساڵی 2019یان پێشێلکرد کە تایبەتە بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب.