دەستەی تەحریری شام بناسە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی تەحریری شام گرووپێکی چەکدارییە لە 28-01-2017 دامەزراوە. ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەکەیە؛ ئەبو جابر شێخ، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا و ئەبو عوبەیدە کەنسەفرە فەرماندەی باڵای چەکدارییەتی.
بارەگەی سەرەکیی گرووپەکە لە پارێزگەی ئیدلیبی باکووری رۆژئاوای سووریایە. دەستەی تەحریری شام بە یەکێک لە بەهێزترین گرووپە چەکدارەکانی نێو سووریا دادەنرێت و بەشێکی زۆری پارێزگای ئیدلبی لەژێر دەسەڵاتدایە.
پێشتر ناوی گرووپەکە (بەرەی نوسرە) بوو کە سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو و لە ساڵی 2011 دامەزرا، بەڵام لە ساڵی 2017 جیابوونەوەی لە رێکخراوی قاعیدە راگەیاند و ناوی بۆ دەستەی تەحریری شام گۆڕی.
گرووپەکە 15 بۆ 30 هەزار ئەندامی هەیە و لە چەند لایەن و گرووپێکی دیکە دروستبووە لەوانەش بەرەی فەتحی شام، سوپای ئەحرار، سوپای سوننە، لیوای حەق، بزووتنەوەی نورەدین زەنکی و بەرەی ئەنسارول دین.
یەکگرتن و دروستبوونی گرووپەکە بە دەستپێشخەریی ئەبو جابر شێخ بوو کە دووەم ئەمیری سوپای ئەحرار بوو. ئەبو جابر داوایکرد هەموو گرووپە چەکدارییەکان کە دژی حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریان، بچنە ژێر یەک چەتر و "ئامانجەکانی شۆڕشی سووریا" بەدەستبهێنن.
دەستەی تەحریری شام پەیڕەوی ئایدۆلۆجیایەکی "سەلەفی و جیهادی" دەکات و سەرنجی لەسەر ئەوەیە "دەوڵەتێکی ئیسلامی" دابمەزرێنێت. گرووپەکە دژی حکومەتی سووریایە و دەیەوێت حکومەتی بەشار ئەسەد لابچێت؛ هەروەها دژی ئێران و رووسیایە.
دەستەی تەحریری شام چەندین جار رووبەڕووبوونەوە و شەڕی راستەوخۆی لەگەڵ سوپای سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەند گرووپێکی دیکەی ئیسلامی لە سووریا هەبووە.
گرووپەکە لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ، شێوازی مامەڵە لەگەڵ خەڵکی سڤیل، ئازادیی سیاسی و بەکارهێنانی یاسای تووند رووبەڕووی چەندین رەخنە بووەتەوە.
دەستەی تەحریری شام لەلایەن ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.