ئێران پشتیوانی بۆ سووریا لە شەڕی دژی دەستەی تەحریری شام دووپات دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دژی هێرشی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر شاری حەلەب، ئێران پشتیوانیی خۆی بۆ حکومەتی سووریا دووپات دەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بەسام سەباغی هاوتا سوورییەکەی کردووە و "جەختی لە پشتیوانیی بەردەوامی ئێران بۆ حکومەت، گەل و سوپای سووریا لە شەڕی دژی تیرۆردا کردووەتەوە."
هێرشی گرووپە چەکدارەکان رۆژی چوارشەممە لە رۆژئاوای حەلەب بۆسەر هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دەستیپێکرد.
دوای کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 60 گوند و شارۆچکە، ئەمڕۆ هەینی سەرچاوە خۆجێییەکان بڵاویانکردەوە، گرووپە چەکدارەکان لە نێوەندی شاری حەلەب نزیکبوونەتەوە و شەش گەڕەکی شارەکەیان کۆنترۆڵکردووە.
وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، عێراقچی پێیوایە "سەرهەڵدانەوەی جموجووڵە تیرۆرستییەکان لە سووریا بەشێکە لە نەخشەڕێژیی ئەمریکا و زایۆنییەکان دوای ئەو نسکۆیانەی ئیسرائیل لە لوبنان و فەلەستین رووبەڕووی بوویەوە."
ئەمە یەکەمین جارە لە ساڵی 2016ـەوە هێرشێکی گەورەی لەم جۆرە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێتە سەر دووەم گەورەترین شاری سووریا، دوای ئەوەی لەو ساڵەدا دوای هێرشی چڕی حکومەتی سووریا بە پشتیوانی رووسیا، ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیان، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکە کە تورکیا پشتیوانییان دەکات لە گەڕەکانی رۆژهەڵاتی شارەکە دەرکران.
ئەمڕۆ سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە دەوروبەری حەلەب و ئیدلب بەرپەرچی هێرشی "گرووپە تیرۆریستییەکان"ی داوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە درۆن و چەکە قورسەکانیان لەنێوبردووە؛ بەڵێنیشیدا کە شکست بە هێرشەکە بێنێت و گرووپە چەکدارەکانیشی تۆمەتبارکرد بەوەی زانیاریی هەڵە لە بارەی پێشڕەوییەکانیانەوە بڵاودەکەنەوە.
هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە کاتێکدا هات کە ئەو گرووپە چەکدارانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و پشتیوانییان لە هێزەکانی سووریا کردووە، بە شەڕی ئیسرائیلەوە سەرقاڵن.
سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن، ئەمڕۆ دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی دوو هێرشی خۆکوژییان لە رێگەی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە کردووە.
دەستەی تەحریری شام پێشتر ناوی بەرەی نوسرە بوو و لە بنەڕەتدا لقێکی سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو.
ئەبو محەممەد جۆلانی، فەرماندەی گشتیی گرووپە چەکدارەکە لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاکراوەتەوە، دەڵێت، "موژدەتان پێدەدەین کە دەستمان کردووە بە چوونە نێوەوەی شاری حەلەب بۆ ئەوەی لە ژێر ستەم دەریبێنین" و داوا لە دانیشتووانی شاری حەلەبیش دەکات لەگەڵیاندا هاوکار بن.
میدیای فەرمیی حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام گەیشتنە نێو جەرگەی شاری حەلەب و "هێڵەکانی بەرگریی هێزەکانی رژێمیان لە گەڕەکەکانی حەمدانییە، حەلەبی نوێ و زەهرا تێکشکاند."
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا نزیکەی 70 شوێن لە پارێزگەکانی حەلەب و ئیدلب کەوتوونەتە دەستی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی.
لەدوای شەڕەکەی ساڵی 2020 کاتێک هێزەکانی حکومەتی سووریا ژمارەیەکی زۆری ناوچەکانی لەژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان دەرهێنا، ئەم شەڕەی ئێستا سەختترین شەڕە لە باکووری رۆژئاوای سووریا کرابێت.
سوپای سووریا دەڵێت، گرووپە چەکدارەکان بەم هێرشە رێککەوتنێکی ساڵی 2019یان پێشێلکرد کە تایبەتە بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب.