ئیسرائیل و حیزبوڵڵا یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، رۆژی پێنجشەممە لە باشووری لوبنان کۆگەیەکی رۆکێتییان کردووەتە ئامانج، حیزبوڵڵاش رەتیدەکاتەوە و ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "چەند گومانلێکراوێک بە چەند ئۆتۆمبێلێکەوە لە ناوچەیەکی باشووری لوبنان نزیک دەبوونەوە و مەرجەکانی ئاگربەستییان شکاندووە".
میدیای فەرمیی لوبنان دواتر رایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل، دوو کەس بریندار بوون کە ویستوویانە بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان لە باشووری لوبنان.
محەممەد حەسەن فەزڵڵا، ئەندام پەرلەمانی لوبنان لەسەر پشکی حیزبوڵڵا، ئیسرائیلی بە پێشلێکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار کرد و گوتی، "ئیسرائیلی دووژمن هێرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی کە دەگەڕێنەوە گوندەکانی سەر سنوور. ئیسرائیل پێشێلکاری ئاگربەستەکە دەکات".
سوپای لوبنانیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل "چەندین جار" لە رۆژی چوارشەممەوە ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، داوای لە سوپای ئیسرائیل کردووە، ئەگەر حیزبوڵڵا ئاگربەستەکەی پێشێل کرد، بە تووندی هێرشیان بکەنە سەر.
کاژێر 23:30ـی رۆژی (سێشەممە 26-11-2024)، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیلی راگەیاند.
راگەیاندنی ئاگربەستەکە دوای ئەوە هات، شەوێک پێش ئەوە کابینەی جەنگی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە و ئەو پێشنیازی ئاگربەستەی قبووڵکرد کە چەندین هەفتە بوو ئەمریکا کاری لەسەر دەکرد.
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە بۆ 60 رۆژ دەبێت و لەو ماوەیەدا کار بۆ بە هەمیشەییکردنی دەکرێت.
دەبێت سوپای ئیسرائیل لەو ماوەیەدا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەنێو لوبنان نەکات، لە باشووری لوبنان بکشێتەوە؛ 5000 سەربازی سوپای لوبنان شوێنی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری ئەو وڵاتە بگرنەوە.
دەبێت هەردوولا دان بە پڕۆژە بڕیاری 1701ـی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بنێن کە داوای چەکدانان لە گرووپە چەکدارەکانی لوبنان و جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری ئەو وڵاتە دەکات.