رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەی خراپی دۆخی تەندروستیی غەززە دەدات

29-11-2023
نیاز مستەفا
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەی خراپی دۆخی تەندروستیی کەرتی غەززەوە دەدات و رایگەیاند، ئەگەر سیستمی تەندروستیی کەرتی غەززە چاک نەکرێتەوە، ئەوا نەخۆشییەکان زۆر زیاتر لە بۆردوومانەکان دەبنە هۆی کوشتنی خەڵک.
 
مارگارێت حاریس، گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رۆژی سێشەممە، 28-11-2023 گوتی، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لە پەناگەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن 1.1 ملیۆن کەسن و لێکۆڵینەوەکانیان ئەوەی دەرخستووە کە ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی گوازراوە لەنێو ئەو پەناگانەدا بڵاوبوونەتەوە. هەروەها دەشڵێت، رێژەی تووشبوون بە سکچوون لەنێو منداڵانی تەمەن پێنج ساڵ و گەورەتر نزیکەی 100 هێندەی دۆخی ئاساییە. 
 
گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ چارەسەرێک بۆ ئەو کەسانە نییە کە دووچاری نەخۆشی سکچوون بوونە، ئەمەش تەندروستیی کۆرپەکان خراپتر دەکات و ئەگەری مردنیان زیاد دەکات.
 
بە گوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کەرتی غەززە تەنیا 16 نەخۆشخانە کاردەکەن کە پێنجیان لە باکوورن و تەنیا چەند کاژێرێک بەردەستن، ئەوانەی دیکەش لە باشوورن. هەروەها، تەنیا لە یەک نەخۆشخانەی باشووری کەرتی غەززە نەشتەرگەریی ئاڵۆز دەکرێت. 
 
گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەختی لەوەش کردەوە کە "ئەگەر سیستمی تەندروستیی کەرتی غەززە چاک نەکرێتەوە، ئەوا ژمارەیەکی زیاتر هاووڵاتی دەبینین بەهۆی نەخۆشییەوە بمرن بەراورد بەو کەسانەی کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە مردن."
 
ئەو گوتانەی گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەکاتێکدان ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای وەستاندنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و راگەیاندنی ئاگربەستێکی بەردەوام دەکەن. 
 
54 رۆژە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل دەستیپێکردووە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە.
 
رۆژی 22ـی مانگیش ئیسرائیل و حەماس گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتە و دیلەکان و راگەیاندنی ئاگربەستێکی چوار رۆژە، ئەوەش بە نێوەندگیری قەتەر، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی نێوەندگیر. دوای کۆتاییهاتنیشی، ئاگربەستەکە بۆ دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە. تاوەکو ئێستا حەماس 81 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردوون و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 180 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.