وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ ئەمینداری نوێی حیزبوڵڵای لوبنان: زۆر لە پۆستەکەت نابیت

دوێنێ کاژێر 06:17
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشە لە نەعیم قاسم، ئەمینداری نوێی حیزبوڵڵای لوبنان دەکات و دەڵێت، بەڕێوەبردنی پۆستەکە لەلایەن ئەوەوە "بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت."
 
رۆژی سێشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2024 یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی هەڵبژاردنی نەعیم قاسم وەکو ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، وێنەیەکی نەعیم قاسمی دانا و نووسیویەتی، "بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵبژێردراوە، نەوەک بۆ ماوەیەکی درێژ."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وێنەیەکی دیکەی نەعیم قاسمی داناوە و بە عیبری لەسەری نووسیوە، "کاتی هاتووە"، وەکو ئاماژەیەک بۆ کاتی کوشتنی.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 29-10-2024 حیزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، نەعیم قاسمی وەک ئەمینداری گشتیی حیزب هەڵبژاردووە و شوێنی حەسەن نەسروڵڵای گرتووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی حیزبوڵڵادا هاتووە، "لە سۆنگەی پابەندیمان بە پرەنسیپ و ئامانجەکانی حیزب و بەگوێرەی رێکارەکانی هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی، دوای راوێژ و رێککەوتن، حیزبوڵڵا بڕیاری دا سەماحەتی شێخ نەعیم قاسم وەک ئەمینداری گشتی هەڵبژێرێت."
 
دوای ئەوەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا لە هێرشەکەی رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2024ی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای حیزبوڵڵا لە بەیرووت پشتڕاستکرایەوە، چاوەڕێ دەکرا هاشم سەفیەدین وەک جێگرەوەی نەسروڵڵا دیاری بکرێت.
 
بەڵام رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، حیزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی هاشم سەفیەدینی راگەیاند و گوتی، "ماتەم بۆ سەرۆکی جێبەجێکاری حیزبوڵڵا، زانای پایەبەرز سەید هاشم سەفیەدین دەگێڕین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە