حەماس: لەگەڵ سوپای ئیسرائیل رووبەڕووی شەڕێکی سەخت بووینەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
باڵی سەربازی حەماس بڵاویکردەوە، لە باکووری رۆژئاوای کەرتی غەززە لەگەڵ سوپای ئیسرائیل رووبەڕووی شەڕێکی سەخت بوونەتەوە. لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بە کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەک چەکداری حەماس کرد.
رۆژی یەکشەممە، 29-10-2023، کەتیبەی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە باکووری رۆژئاوای کەرتی غەززە چەکدارەکانیان رووبەڕووی هێرشی سوپای ئیسرائیل بوونەتەوە. پێشتریش، رایانگەیاندبوو کە چەکدارەکانیان سەرکەوتووبوون لە تێکشکاندنی دوو تانکی ئیسرائیلی.
لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە نزیک دەروازەی بەیت حەنوون کە دەروازەی نێوان ئیسرائیل و باکووری کەرتی غەززەیە سەربازانیان سەرکەوتووبوون لە دۆزینەوەی تونێلێکی چەکدارانی حەماس، دواتریش لەگەڵ چەکدارانی حەماس رووبەڕوو بوونەتەوە و ژمارەیەکیان کوشتوون و بریندارکردوون.
راگەیاندنی رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی حەماس و ئیسرائیل لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دانیەل هەگاری، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل تەلئەڤیڤ گوتی، "چوونەناوەوەی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیلمان بە شەوان بۆ نێو کەرتی غەززە زیادکردووە و ئەوانیش دەچنە پاڵ ئەو هێزانەی کە لەوێ شەڕ دەکەن." هەروەها رایگەیاند، "هەنگاو بە هەنگاو چالاکییە زەوینییەکانمان و ژمارەی هێزەکانمان لە کەرتی غەززە زیاد دەکەین."
هاوکات، لەگەڵ بەردەوامی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل، بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی مەترسییە مرۆییەکانی شەڕەکە دەدەن و داوای راگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ لە هەردوو لایەن دەکەن.
23 رۆژە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە. ئەوەش دوای ئەوەی لە بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونەنێو شەڕەکە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و کەرتی غەززە، لە 23 رۆژی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل زیاتر لە نۆ هەزار و 400 کەس لەهەردوو بەرە کوژراون و نزیکەی 26 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. لەنێو کوژراوانی کەرتی غەززەشدا، نزیکەی سێ هەزار و 200 کەسیان منداڵن. هاوکات بەگوێرەی بەرپرسانی کەرتی رۆژئاواش، لەو ماوەیەدا بەهۆی گرژییەکانی کەرتی رۆژئاواوە 112 کەس کوژراون و هەزار و 900 کەسی دیکەش برینداربوون.