رووداو دیجیتاڵ
دوای پشکنینیان لە دەروازەی رەفەحی نێوان کەرتی غەززە و میسر، 10 بارهەڵگری دیکەی هاوکاری مرۆیی گەیشتنە کەرتی غەززە و لەلایەن رێکخراوی خاچی سووری فەلەستینییەوە وەرگیران. بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو بڕەی کە رێکخراوە مرۆییەکان داوای دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 29-10-2023، رێکخراوی خاچی سووری فەلەستینی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە 10 بارهەڵگری دیکەیان لە رێکخراوی خاچی سووری میسرییەوە بەدەست گەیشتووە. دەشڵێت، بارهەڵگرەکان خۆراک و پێداویستییە پزیشکییان بۆ کەرتی غەززە بردووە.
بە گوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، ئەمڕۆ و دوێنێ لە دەروازەی رەفەح نزیکەی 40 بارهەڵگر چاوەڕێی تەواوکردنی رێکارەکان بوون بۆ ئەوەی بتوانن هاوکارییەکان بگەیێننە کەرتی غەززە.
گەیشتنی ئەو 10 بارهەڵگرە، دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پێشبینی دەکەن بەمزووانە چەند بارهەڵگرێکی هاوکاریی مرۆیی بگەنە کەرتی غەززە.
رێکخراوی خاچی سووری فەلەستینی دەڵێت، لەدوای 21ـی تشرینی یەکەمەوە کە ئیسرائیل رێگەی بە گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززەدا، رۆژی 21ـی تشرینی یەکەمی 2023، 20 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیشتنە کەرتی غەززە. دواتریش، رۆژی 22ـی مانگ 14 بارهەڵگر، رۆژی 23ـی مانگ 20 بارهەڵگر، رۆژی 24ـی مانگ هەشت بارهەڵگر، رۆژی 26ـی مانگ 12 بارهەڵگر و رۆژی 27ـی مانگیش 10 بارهەڵگر گەیشتنە کەرتی غەززە.
تاوەکو ئێستا 94 بارهەڵگر گەیشتوونەتە کەرتی غەززە. هەروەها، لەنێو بارهەڵگرەکان خۆراک، پێداویستیی تەندروستی و ئاو هەبوون. تاوەکو ئێستاش بەرپرسانی ئیسرائیل رێگەیان بە گەیشتنی سووتەمەنی بە کەرتی غەززە نەداوە، ئەوەش بەهۆی گەیشتنی سووتەمەنییە بە چەکدارانی حەماس و بەکارهێنانی لە هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل.
23 رۆژە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە. ئەوەش دوای ئەوەی لە بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونەنێو شەڕەکە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و کەرتی غەززە، لە 23 رۆژی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل زیاتر لە نۆ هەزار و 400 کەس لەهەردوو بەرە کوژراون و نزیکەی 26 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. لەنێو کوژراوانی کەرتی غەززەشدا، نزیکەی سێ هەزار و 200 کەسیان منداڵن. هاوکات بەگوێرەی بەرپرسانی کەرتی رۆژئاواش، لەو ماوەیەدا بەهۆی گرژییەکانی کەرتی رۆژئاواوە 112 کەس کوژراون و هەزار و 900 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ