کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان هەڕەشەی خۆپێشاندانی بەرفراوان لە دژی حکومەت دەکەن

29-10-2023
لهۆن نەسرەدین
نەتەنیاهوو لەگەڵ کەسوکاری بارمتەکان
نەتەنیاهوو لەگەڵ کەسوکاری بارمتەکان
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

23 رۆژ بەسەر شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستیندا تێپەڕی، نزیکەی 229 ئیسرائیلی بە بارمتە لەلای حەماسن و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە، کەس نازانێت لەسەر یان لەژێر زەوی ئەو شارەدان. بۆیە کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان هەڕەشەی خۆپێشاندان لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن.
 
بەمەبەستی پاراستن و گەرەنتیکردنی ژیانییان کەسوکاری ئەو بارمتانە چوونە بارەگانی حکومەتی ئیسرائیل و لە چارەنووسیانیان پرسی و گوتیان ئەگەر بەدەم داواکەیانەوە نەچن خۆپێشاندانی گەورە ئەنجام دەدەن.
 
مێکی هێمۆڤیتز، هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییە، لەبارەیەوە دەڵێت، "ئەو کەسانەی لێرەن زۆر نیگەرانی کەسوکار و خۆشەویستەکانیانن کە زیاتر لە سێ هەفتەیە بە بارمتە گیراون. دەمانەوێت بزانین چی بەسەر بارمتەکاندا هاتووە و ئایا لەگەڵ ئەو هەموو بۆردوومانە چۆن دەتوانن ژیانی بارمتەکان بپارێزن؟ ئەگەر بە دەممانەوە نەیەن، دەست بە خۆپیشاندانێکی گەورە دەکەین".
 
لە ژێرئەو گوشارەدا بنیامین نەتەنیاهوو و سارای هاوژینی لەگەڵ ژمارەیەک کەسوکاری بارمتەکان کۆبوونەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "بەر لەوەی باس لە وردەکاریی پرۆسەکە بکەم، دەبێت ئەوەتان پێ بڵێم کە ئێمە هەرگیز ئێوە و بارمتە سیڤیلەکانی ژێر دەستی حەماسی تیرۆریست پشتگوێ ناخەین و هەموو هەوڵێکیشمان خستووەتەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەیان. گەرەنتیکردنی ژیانی بارمتەکان بەشێكی دانەبڕاوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمانە".
 
هەرچەندە نەتەنیاهوو بە کەسوکاری بارمتەکانی نەگوت، چۆن دەتوانن لەگەڵ چڕتربوونی هێرشەکانیان، ژیانی بارمتەکان بپارێزن.
 
لە کاتێكدا سوپای ئیسرائیل باس لە چوونە نێو قۆناخێكی نوێی شەڕەکە دەکات بە بۆردوومان و تۆپبارانی زیاترەوە.
 
یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، "کۆتاییم بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە هێنا. دوێنێ شەو قۆناخێكی شەڕەکە کۆتاییهات و قۆناخێکی نوێ دەستیپێکردووە و تێیدا بۆردوومانەکان چڕتر دەکەین و هەموو تیرۆریستێك دەکوژین"
 
چەند شەوێکە غەززە دۆخێکی نائاسایی بەڕێ دەکات، بەردەوام  ئاگر بەسەر دانیشتوانەکەی و بارمتەکاندا دەبارێت.
 
بەرگری ئیسرائیل ڤیدیۆیی هێرشی زەوینی و تۆپبارانی بۆسەر باکووری غەززەی بڵاوکردووەتەوە. لە بەرامبەر هێرشەکاندا حەماس دەڵێت، ئیسرائیل هیچی لەو هێرشانە دەستناکەوێت و ژیانی بارمتەکانیش دەخاتە مەترسییەوە.
 
غازی حەمەد، بەرپرسێكی حەماسە باسی هێرشەکانی ئیسرائیل و ژیانی خەڵکی سڤیل و بارمتەکان دەکات و رایگەیاند، "دەسەڵاتی داگیرکاری لە غەززە زیانی زیاتر و زیاتر دەکات و هیچیشی دەستناکەوێت. دەسەڵاتی داگیرکاری خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج و ژیانی بارمتەکانیش دەخاتە مەترسییەوە".
 
ئیدارەی بایدن تا ئێستا بە ئاراستەی رزگارکردنی بارمتە سڤیلەکان و دواخستنی هێرشە زەوینییەکە کاری کردووە. لە کۆی 229 بارمتە، لانیکەم 138 بیانی سەر بە 25 وڵاتی جیهانن، دوانزەیان ئەمریکین.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە