رووداو دیجیتاڵ
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، قەیرانی سووتەمەنیش رووی لەو ناوچەیە کردووە. ئۆتۆمبێلەکان بێ سووتەمەنی لە شەقام و کۆڵانەکان کەوتوون و خەڵکی ناچارن هێستر یان گوێدرێژ و گالیسکە بۆ گواستنەوە بەکاربهێنن.
رەفعەت نەجار، خاوەنی هێستر و گالیسکەیەکە، لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە بەدوای خەڵکدا دەگەڕێت تاوەکو بیانگوازێتەوە. ئەو دەڵێت، "ئۆتۆمبێل نییە، بۆیە خەڵک بە عەرەبانە دەگوازینەوە، چونکە بەنزین و گازوایل نییە. وەکو دەبینین ئەمە دۆخەکەمانە و ئێستا عەرەبانە بەکاردەهێنین."
سلێمان خالید، خاوەنی گوێدرێژ و گالیسکەیەکی دیکەیە و دەڵێت، "گازوایل نییە؛ بۆیە ئۆتۆمبێلیش کار ناکەن و خەڵک بە عەرەبانە و بە نرخێکی هەرزان دەگوازمەوە."
کەرتی غەززە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسە، بۆ دابینکردنی بەشی زۆری ئاوی خواردنەوە، کارەبا و سووتەمەنییەکەی پشت بە ئیسرائیل دەبەستێت.
لە 7ی تشرینی یەکەمەوە ئیسرائیل بەشی زۆری ئەو پێداویستیانەی لەسەر غەززە بڕیوە. کەرتەکە رۆژانە پێویستی بە 160 هەزار لیتر سووتەمەنی هەیە.
ئیبراهیم نەملە، شوفێری تەکسییە و دەڵێت، "دۆخەکە لە غەززە زۆر قورسە. چۆن دەتوانین بێ سووتەمەنی و نان و ئارد بژین؟ دۆخەکە زۆر دژوارە، ئێمەی شۆفێر نازانین چی بکەین."
قەیرانی سووتەنی گەورەترین زیانی بە نەخۆشخانەکان گەیاندووە. فەلەستینییەکان دەڵێن، لە کۆی 35 نەخۆشخانەی نێو غەززە، 10یان لەکارکەوتوون، ئەوەش بەهۆی بۆردوومانەکان یانیش بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ