وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی لوبنان دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، شەوی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان بە سەردانێک دەگاتە بەیرووت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە گفتوگۆ لەبارەی گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دەکەن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، ئەمشەو، وەزیر "بۆ راگۆڕینەوە و پێشاندانی پاڵپشتیی فەرەنسا بۆ لوبنان، بەتایبەت لە روانگەی مرۆییەوە" لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە. 
 
ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ لوبنان لەکاتێکدایە، نزیکەی دوو هەفتەیە هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل بۆسەر یەکدی چڕتربوونەتەوە. رۆژی هەینیش لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری بزووتنەوە ئیسلامییەکە کوژرا.  
 
لەبارەی کوژرانی نەسروڵڵاوە، دوێنێ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بە تەلەفۆن قسەیان کرد. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای "دەستبەجێ وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان کرد" و "دژایەتیی خۆیشی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەوینی" ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان دەربڕی. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، بارۆت داواشی "لە لایەنەکان، بەتایبەت حیزبوڵڵا و ئێران" کرد کە خۆیان لە هەر کارێک بەدووربگرن کە ببێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر بۆ ناوچەکە." 
 
لە 08-10-2023 دوای رۆژێک لە هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، حیزبوڵڵا پاڵپشتیی خۆی بۆ حەماس دەربڕی و هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل. بە گوێرەی بەرپرسانی لوبنان، تاوەکو 26ی ئەیلوول هەزار و 540 کەس کوژراون. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش، زیاتر لە 50 کەسی ئیسرائیلی کوژراون. 
 
بە گوێرەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکانەوە نزیکەی یەک ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون.