سوپای پاسداران کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای لە لوبنان پشتڕاست کردەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی عەباس نیلفرووشانی لە بەیرووت پشتڕاست کردەوە، کە فەرماندەی گشتیی هێزەکە بوو لە لوبنان. ئاماژە بەوەش دەکات، "تاوانەکانی رژێمی زایۆنی لە لوبنان بە تووندی سەرکۆنە دەکەین."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 29-09-2024 سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە لوبنان، لە هێرشەکەی رۆژی هەینیی ئیسرائیلدا بۆ سەر بەیرووت کوژراوە.
 
سوپای پاسداران لە راگەیێندارەوەکەدا عەباس نیلفرووشانی وەک راوێژکاری باڵای سوپاکە لە لوبنان ناوهێناوە و ئاماژەی بەوەش کردووە، "تاوانەکانی رژێمی زایۆنی لە لوبنان بە تووندی سەرکۆنە دەکەین."
 
عەباس نیلفرووشان لە 01-04-2024 دوای کوژرانی محەممەد رەزا زاهیدی لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر کۆنسووڵخانەی ئێران لە دیمەشق، وەک فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە لوبنان دیاری کرا.
 
لە هێرشەکەدا سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی بنکەی سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە باشووری بەیرووت کرد کە لە ئەنجامدا جیا لە عەباس نیلفرووشان و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، عەلی کەرکی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵا و چەند فەرماندەیەکی دیکەی بزووتنەوەکە کوژران.
 
شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، بەڵام لە 23ـی ئەم مانگەوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت چڕتربوونەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، هەر لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 700 کەس لە لوبنان کوژراون و زۆربەیان سڤیلن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  حەسەن نەسروڵڵا

جێگرەوە چاوەڕوانکراوەکەی حەسەن نەسروڵڵا کێیە؟

دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، پرسیارەکە ئەوەیە کێ شوێنی دەگرێتەوە، بە تایبەتی کە زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتیی بزووتنەوە لوبنانییەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.