رووداو دیجیتاڵ
هێزی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، فەرماندەیەکی دیکەی حیزبوڵڵایان لە لوبنان کوشتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-9-2024، هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوەوە، لە هێرشێکدا بۆ سەر بەیرووت، نەبیل قاووق، فەرماندەی یەکەی خۆپارێزی و ئەندامی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی حیزبوڵڵایان کوشتووە.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە،"نەبیل قاووق لە فەرماندەکانی دیکەی حیزبوڵڵا نزیکبووە و دەستی باڵای لە هێرشەکان بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و خەڵکەکەی هەبووە".
ئیسرائیل جەخت لە بەردەوامیی هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا و کوشتنی فەرماندەکانی دیکەی دەکاتەوە.
کوشتنی ئەو فەرماندەیە دوای ئەوە دێت؛ رۆژی هەینی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆسەر بەیرووت کوژرا.
کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی، خوێنی حەسەن نەسروڵڵا بەفیڕۆ ناچێت و پێنج رۆژ ماتەمینی گشتیشی لە وڵاتەکەی راگەیاند.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕی و رایگەیاند، "مردنی نەسروڵڵا بە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل، رێکارێکی دادپەروەرانەیە."
شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، بەڵام لە 23ـی ئەم مانگەوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت چڕتربوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ