رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و تیمەکەی لە گفتوگۆدابوون سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. دەشڵێت، هەموو رێکارێک، لەوانە بڵاوەپێکردنی سەربازی زیاتر و زیادکردنی توانای سەربازی ئاسمانی، بۆ پاراستنی خەڵک و سەربازەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرنەبەر بۆ پاراستنیان.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2024، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەردەوام زانیاری سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێگەیشتووە. دەشڵێت: "بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئامانجیان پاراستنی هاووڵاتییانی ئەمریکی و هێزەکانمان، بەرگریکردن لە ئیسرائیل و کەمکردنەوەی گرژییەکانە، ئەویش بە رێگەی ئاگادارکردنەوە و دیپلۆماسییەت."
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەشڵێت: "ئەگەر ئێران و هاوبەشەکانی یان گرووپەکانی نزیکی سەربازان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکەنە ئامانج، ئەمریکا هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی خەڵکەکەی دەگرێتەبەر."
رۆژی هەینی رابردوو، ئیسرائیل بۆردوومانی بارەگای سەرەکی حیزبوڵـڵای لە باشووری لوبنان کرد و بەهۆیەوە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵا و 20 سەرکردە و فەرماندەی دیکەی گرووپەکەی کوشت. ئەو رووداوە ئەوەندەی دیکە دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بۆ پاراستنی سەربازانیان لە ناوچەکە، وەزیری بەرگری ئامادەیی خۆیانی بۆ بڵاوەپێکردنی سەربازی زیاتر، زیادکردن و بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پیشانداوە.
سوپای ئەمریکا نزیکەی 45 هەزار سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. لە 7ـی تشرینی یەکەمی رابردووەوە کە جەنگی غەززە و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، نزیکەی 200 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ