بۆ دابەشکردنی پێکوتەی ئیفلیجی، ئیسرائیل جەنگ لە غەززە رادەگرێت

29-08-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئیسرائیل رازی بووە لە سەرەتای مانگی ئەیلوول ئاگربەستێکی مرۆیی کاتیی رابگەیێنێت، ئەمەش بۆ ئەوەی پێکوتەی ئیفلیجی لە کەرتی غەززە دابەشبکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 29-08-2024، ریک پیپەرکۆرن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە فەلەستین رایگەیاند: "بەگوێرەی گفتوگۆ و رێککەوتنەکە، لە سەرەتای مانگی ئەیلوول ئیسرائیل بۆ ماوەی سێ رۆژ، ئاگربەستێکی مرۆیی کاتیی رادەگەیێنێت، بۆ ئەوەی پێکوتەی ئیفلیجیی منداڵان دابەش بکرێت."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 16ـی ئەم مانگە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی W‌HO رایگەیاند: "رێکخراوەکەمان و رێکخراوی یونیسێف داوای ئاگربەستێکی حەوت رۆژی دەکات، بۆ ئەوەی لە دوو قۆناخدا ڤاکسینی ئیفلیجی جۆری 2 ناسراو بە cVDPV2 دابەشبکرێت. لە هەر قۆناخێکدا وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، بە هاوکاریی یونیسێف و تەندروستیی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاکسین دەگەیێننە 640 هەزار منداڵی خوار 10 ساڵ." 
 
پۆلیۆ یان ئیفلیجیی منداڵان، نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە و لە رێگەی ئاوی پیس، خۆراکی پیس یان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسەکە هێرش دەکاتە سەر کۆئەندامی دەماری تووشبووەکە و چەند ئەندامێکی لەشی پەکدەخات و هەندێک جاریش دەبێتە هۆی مردن. نەخۆشییەکە هیچ نیشانەیەکی پێشوەختەی بەرچاوی نییە و پێویستە هەموو منداڵێک لە تەمەنێکی زوودا ڤاکسین وەربگیرێت.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە کەرتی غەززە، ئاوی پیسە. شەقامەکانی شاری دێر بەلەح لە نێوەڕاستی کەرتەکە پڕ لە ئاوی پیسن و نزیکن لە شوێنی پەناگە و نیشتەجێبوونی خەڵکەوە، ئەوەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراتر دەکات. بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، یەکەم دابەشکردنی پێکوتەکە لە نێوەڕاستی کەرتەکە دەستپێدەکات.
 
رۆژی 19-08-2024 نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئاگربەستێکی حەوت رۆژییان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانن 640 هەزار منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ بکوتن و گوتیان، "ئەگەر ئاگربەست نەبێت، ئەستەمە بتوانن کەس بکوتن."
 
سەرەتای ئەم مانگە، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین رایگەیاند، لە کەرتی غەززە منداڵێکی تەمەن 10 مانگ تووشی ڤایرۆسی ئیفلیجی بووە.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 25 ساڵ بوو لە غەززە ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان کۆتایی هاتبوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ سەریهەڵدایەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریداوە 1.6 ملیۆن قەترەی ڤاکسین بگەیێنێتە کەرتەکە و رێگە لە تووشبوونی منداڵان بەو ڤایرۆسە بگرێت. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی پاکسی هۆڵەندی، لە رێگەی وێنەی مانگی دەستکردەوە دەرکەوتووە، لەو کاتەوەی جەنگ دەستپێکردووە لانیکەم 225 شوێنی فڕێدانی زبڵ و ئاوی وەستاو لە غەززە تۆمارکراون "کە هەموویان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان زۆر نزیکن."
 
لەلایەکی دیکە، رێکخراوی مێرسی کۆرپسی ئەمریکی دەڵێت، لەو کاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە، لانیکەم 50 هەزار منداڵ لەدایکبوون و کەسیان پێکوتەی ئیفلیجییان وەرنەگرتووە. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێش جەنگ 99٪ـی هاووڵاتییانی غەززە ڤاکسیانیان وەرگرتبوو، ئێستا رێژەکە 86٪ـە و ئامانجی رێکخراوەکە ئەوەیە بیگەیەنێتە 95٪.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە