رووداو دیجیتاڵ
'موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ بە درۆن وێستگەیەکی کارەبای لە شاری حەیفای ئیسرائیل کردووەتە ئامانج و هەڕەشەی بەردەوامیی هێرشەکانیشی دەکات.
ئەو گرووپە چەکدارانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات و خۆیان بە 'موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' ناودەبەن ،لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، "بەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024) لە بەردەوامیی رێبازمان لە بەرگریکردن دژی داگیرکار و بۆ پشتیوانی لە کەسوکارمان لە غەززە و لە وەڵامی هێرشە تاوانکارییەکانی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر ژنان، منداڵان و پیر و پەککەوتەی فەلەستینی، موجاهیدانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بە درۆن هێرشیان کردە سەر وێستگەی کارەبای ئالۆن تافووری پیشەسازی لە حەیفای داگیرکراو."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، 'موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' لە هێرشەکانی بۆ سەر دووژمنان بەردەوام دەبێت.
گرووپەکە ئەو زیانەی نەخستووەتەڕوو کە دەکرێت بەهۆی هێرشەکەوە لەو وێستگەیە کەوتبێتنەوە؛ ئیسرائیلش لەبارەی هێرشەکەوە هیچی بڵاونەکردووەتەوە.
دوای دەستپێکردن شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقی خۆیان وەک 'موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' ناساندووە و زیاتر لە 160 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، سووریا و عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ