مەسعود پزیشکیان هۆشداری دەداتە ئیسرائیل لە زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا قسەی کرد و تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکەیشیان ئەو دۆخە بوو چەند مانگێکە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 29-7-2024 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران بە تەلەفۆن لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا قسەی کرد.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، پزیشیکان بە ماکرۆنی راگەیاندووە، هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر حیزبوڵڵای لوبنان کاردانەوەی جیدی بۆ ئیسرائیل دەبێت.
بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان تاران و پاریس بوو و پزیشکیان بە ماکرۆنی راگەیاند، "ئامادەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ فەرەنسا لەسەر بنچینەی متمانەی هاوبەش پەرە پێبدەن".
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کرد.
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئیلیزێ) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن بە بنیامین نەتەنیاهووی راگەیاندووە، فەرەنسا پابەندە بەوەی هەر کارێک بکات کە پێویست بێت بۆ ئەوەی رێگە نەدات گرژییەکان زیادبن، لەوانەش لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی پەیامەوە لەنێوان ئەو لایەنانەی لە شەڕەکەدان.
رۆژی شەممە 27-7-2024 بە مووشەک هێرش کرایە سەر ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان و لە ئەنجامدا 12 منداڵ و هەرزەکار کوژران.
ئیسرائیل رەخنە لە حیزبوڵڵای لوبنان دەگرێت و بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتباری دەکات و هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی تووندیش دەکات. بەڵام حیزبوڵڵا رەتی دەکاتەوە رۆڵی لەو هێرشەدا هەبووبێت.
گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری رابردووەوە زیادیان کردووە، واتە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمجارەی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل. تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 450 کەس لە لوبنان کوژراون کە زیاتر لە 350یان چەکداری حیزبوڵڵا بوون.
لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش 42 کەس لە ئیسرائیل کوژراون کە 18 سەرباز بوون.