وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: نەتەنیاهوو وەک هیتلەر کۆتایی دێت

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە لە پارێزگای ریزە گوتارێکی پێشکێشکرد؛ ئاماژەی بەوەدا بازرگانی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل وەستاندووە و گوتیشی، هاوشێوەی چوونیان بۆ قەرەباخ و لیبیا، دەڕۆنە ئیسرائیلیش.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی "پێویستە بە رادەیەک بەهێز بین ئیسرائیل نەتوانێت ئەو کارە بە فەلەستین بکات کە ئێستا دەیکات. چۆن چووینە نێو قەرەباخ، چۆن چووینە لیبیا، هەمان شت بەوانیش دەکەین. هیچ شتێک نییە نەتوانین بیکەین. تەنیا دەبێت بەهێز بین تاوەکو ئەو هەنگاوانە بنێین." 
 
ئەم گوتەیە کاردانەوەی ئیسرائیلی بەدوادا هات.
 
یسرائیل گاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی ئەردۆغان و سەدام حوسێنی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "ئەردۆغان بە شوێنپێی سەدام حوسێندا دەڕوات و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکات. با بیری بێتەوە کە چی روویدا و سەدام چۆن کۆتایی هات."  
 
وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە وەڵامی هاوتا ئیسرائیلییەکەی دایەوە و نووسی، "سەرۆککۆمارمان بووەتە دەنگی ویژدانی مرۆڤایەتی. زایۆنیستی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئیسرائیل کە دەیەوێت ئەم دەنگە راستگۆیە سەرکوت بکات، لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورەدایە. مێژوو بۆ هەموو جینۆسایدکاران و لایەنگرانیان وەک یەک کۆتایی هاتووە." 
 
هەر ئەوەندە نا، بەڵکو وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نەتەنیاهووی بە هیتلەر چواند و نووسی، "هیتلەری جینۆسایدکار، چۆن کۆتایی هات، کۆتایی نەتەنیاهووی جینۆسایدکاریش بەو شێوەیە دەبێت. وەک چۆن نازییە جینۆسایدکارەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا، ئەوانەی هەوڵی لەنێوبردنی فەلەستینییەکانیش دەدەن، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. مرۆڤایەتی لەگەڵ فەلەستینییەکان دەوەستێت. ناتوانن فەلەستینییەکان لەنێو ببەن." 
 
ئەو شەڕەی ئێستا هەیە لە 7ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی نزیک لە کەرتی غەززە و ئەوەش ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی سوپای ئیسرائیلی بەدوادا هات. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە