لوبنان داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر بەرزاییەکانی جۆلان دەکات

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو-هەولێر 
 
وەزیری دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە هێرشەکەی سەر بەرزاییەکانی جۆلان دەکەن کە تێیدا 12 کەس کوژران. هەروەها، هۆشداریش لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکە دەدات.
 
رۆژی یەکشەممە 28ی تەممووزی 2024 عەبدوڵڵا بۆو حەبیب، وەزیری دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، داوای "لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی یان کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی بە سەرپەرشتی یونیفیل (هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان) دەکەین بۆ زانینی راستییەکان،" سەبارەت بە دیاریکردنی لایەنی بەرپرس لە هێرشەکە.
 
لیژنەی سێقۆڵی بەرپرسە سەربازییەکانی ئیسرائیل، لوبنان و هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێوان ئەو دوو وڵاتە لەخۆدەگرێت.
 
ئیسرائیل حیزبوڵڵا بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار دەکات و ئەو گرووپەش رەتیدەکاتەوە دەستیان تێیدا هەبووبێت. دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "حیزبوڵڵا بە رەتکردنەوەی بەرپرسیارێتیی خۆی؛ درۆدەکات. زانیاریی هەواڵگریمان پیشانی دەدات کە حیزبوڵڵا بەرپرسە لە کوشتنی ئەو 10 منداڵە بێگوناهانە."
 
بە گوتەی هەگاری، کوژراوەکان تەمەنیان لەنێوان 10 تاوەکو 20 ساڵدا بووە و لە خەڵکی دورزی بوون.
 
وەزیری دەرەوەی لوبنان لە راگەیێندراوێکی دیکەدا کە لەلایەن وەزارەتەکەیەوە بڵاوکرایەوە دەڵێت، پێشبینی دەکەن "هێرشەکەی سەر مەجدال شەمس لەلایەن رێکخراوێکی دیکەوە کرابێت؛ لەوانەیە هەڵەیەکی سەربازی حیزبوڵڵا یان ئیسرائیل بووبێت." ئەو وەزیرە لوبنانیە ئاماژەی بەوەش کرد، "هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەبێتە هۆی خراپترکردنی دۆخی ناوچەکە و سەرهەڵدانی جەنگێکی ناوچەیی."
 
ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئێران و فەرەنساش داوای دانبەخۆداگرتن لە لایەنەکانی بەشداری جەنگەکە دەکەن.
 
جۆلان ناوچەیەکی ستراتیژییە و رووبەرەکەی 1800 کیلۆمەتر دووجایە. ناوچەکە خاڵی بەیەکگەیاندنی ئیسرائیل، ئوردن، سووریا و لوبنانە. 66.6%ی لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە و ئەوی دیکەش لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادایە. زیاتر لە 40 هەزار کەس لە بەرزاییەکانی جۆلان دەژین کە 25 هەزاریان ئیسرائیلین. 
 
لە ئۆکتۆبەری پارەوە گرژی لەنێوان چەکدارانی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل زیادیکردووە و تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 450 کەس لە لوبنان کوژراون کە زیاتر لە 350یان چەکداری حیزبوڵڵا بوون. لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش  42  کەس لە ئیسرائیل کوژراون کە  18  سەرباز بوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە