ئاوارەکانی غەززە بۆ کەمکردنەوەی کۆژانەکانیان روو لە کەنار دەریا دەکەن

29-06-2024
هێمن عەساف
ئاوارەکانی غەززە دەچنە کەنار دەریا
ئاوارەکانی غەززە دەچنە کەنار دەریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرباری کارەسات و نەهامەتییەکانی جەنگ، بەڵام دانیشتووانی غەززە کە ئێستا زۆربەیان ئاوارەن، روو دەکەنە دەریا بۆ ئەوەی ئازاری کۆژانەکانیان کەم بکەنەوە و، کەمێکیش لە دۆخی خراپی گوزەرانیان لەنێو کەمپەکان رزگاریان بێت.
 
ساکیب عەلی، یەکێک لەو ئاوارانەیە، هەشت مانگە نیشتەجێی کەمپی شارەدێی جەبالیەیە، بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ منداڵەکانی هاتووەتە کەنار دەریا.
 
ساکیب دەڵێ "لەگەڵ منداڵەکانمان دێینە کەنار دەریا. کەشوهەوا لێرە زۆر گەرمە، ئاویش دەستناکەوێت، ژیانیشمان لە خێوەتگە و کەمپەکاندا زۆر سەختە. گەرمایەکی تاقەتپرووکێنە، بۆیە باشترین دەرچە بۆ ئەوەی هەناسە بدەین و کاتێکی خۆش لەگەڵ منداڵەکانمان بەسەر ببەین، دێینە کەنار دەریا و کەمێک ئاسوودە دەبین."
 
یاسەمین حەمادە بە یاوەریی باوک و دوو خوشکەکەی، لە کەنار دەریادا کاتێکی خۆش بەسەردەبات، یاری دەکات و دڵی خۆشە.
 
یاسەمین حەمادە دەڵێ ئەوان ئاوارەن و لە شاری غەززەوە هاتوونەتە باشوور "ئەمڕۆ لە کەنار دەریا کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی مەلە بکەین و پێکەوە لەگەڵ خوشکە بچووکەکانم کاتێکی خۆش بەسەر ببەین و یاری بکەین. دەریا خۆشە، بابە و دایەش لەگەڵمانن."
 
جەنگ و نەهامەتییەکانی ئاوارەیی، کاریگەری دەروونیی قووڵی بەسەر خەڵکی غەززەوە هەیە، بۆیە دەریا بووەتە هیوایەک تاوەکو رۆژێک لە رۆژان جەنگ کۆتایی پێ بێت و ژیانێکی ئاسوودەیان بۆ بگەڕێتەوە.
 
منداڵیکی دیکە بەناوی ناهیز ریفی دەڵێ "لەگەڵ هاوڕێکانم هاتووینە کەنار دەریا بۆ ئەوەی کەمێک خراپی گوزەرانمان لەنێو خێوەتگەکاندا لەیاد بکەین. لەم کەشوهەوا زۆر گەرمەدا بە مەلەکردن کاتێکی خۆش بەسەر دەبەین."
 
سارە نەبی، کچێکی دیکەی ئاوارەی غەززە باس لەوە دەکات "لەنێو خێوەتەکاندا هەست بە خنکان دەکەم، کارەبا و ئاو و ئینتەرنێتمان نییە. دوای نەهامەتییەکی زۆری رۆژانە، کەمێک ئاوی پاکمان دەستدەکەوێت. بۆیە لەگەڵ خێزانەکەم هاتووینەتە ئێرە بۆ ئەوەی لانیکەم هەناسەیەکی پاک هەڵمژین."
 
زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار فەلەستینی کە زۆربەیان ئاوارەن، لە ناوچەکانی کەنار دەریا لە سنووری پارێزگاکانی خان یونس و وستا دەژین.
 
خەڵک لە کەرتی غەززە کە زۆربەیان هەشت مانگە ئاوارەن، هەوڵ دەدەن نەهامەتی و سەرگەردانی جەنگ بە سەردانیکردنی کەنار دەریاکان لەیاد بکەن و کاتێکی خۆش بەسەر ببەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە