نەتەنیاهوو لەبارەی بۆردوومانی رەفەح: تراجیدیا روویدا و لێکۆڵینەوە دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

سەرجەمی 45 کوژراو و 250 بریندارەکەی کەمپی رەفەحی غەزەی فەڵەستین، سڤیل بوون کە بەشی زۆریان منداڵ بوون. بۆردوومانەکە لە ناوچەیەک بوو کە ئیسرائیل بە زۆنی بێکێشە و داماڵراو لە حەماس پۆلێنی کردووە.
 
ئەحمەد، دانیشتووی غەززەیە و دەڵێت: "بۆچی وایان کرد؟ خوشکەکەم دووگیان بوو، خۆی بۆ منداڵە نوێکەی ئامادە دەکرد، بە خوێنێکی سارد کوشتیان."
 
بۆردوومانەکەی ئیسرائیل دوای سێ رۆژ لە بڕیاری دادگەی دادی نێودەوڵەتی هات بە وەستاندنی دەستبەجێی هێرش و ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح، بەڵام کابینە تووندڕۆکەی نەتانیاهوو کە پەڕگیرترینی مێژووی 76 ساڵەی ئیسرائیلە؛ هێشتا بڕياری دادگەکەی پێ هەرس نەکراوە.
 
نەتانیاهوو لە کنێسیت، پەرلەمانی ئیسرائیل، سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی هێرشەکەی سەر رەفەح، سووربوونی لەسەر درێژەدانی شەڕ خستەڕوو؛ ئاستی تووڕەیی و نیگەرانی پێویستی بە شارەزای زمانی جەستە نەبوو.
 
بنیامین نەتانیاهوو گوتی، "لە رەفەح، ئێمە نزیکەی ملیۆنێک خەڵکی سڤیلمان بۆ شوێنی ئاسایش گواستووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بە داخەوە رووداوی تراجیدیایی روویدا و لێی دەکۆڵینەوە."
 
لە نهۆمی سەرەوەی هۆڵی پەرلەمان کەسوکاری بارمتەکان بەسەر نەتانیاهوو هاواریان دەکرد و دەیانگوت، "کاتێك قسە دەکەیت تەماشای نێو چاومان بکە."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی گوت کە "ئامادەی خۆبەدەستەوەدان و چەمانەوە نیم، ئامادەی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە نیم تاوەکو ئەو دەمەی بە هەموو ئامانجەکانی دەگات، بە پێچەوانەوە حەماس دووبارە و سێ بارە کۆمەڵکوژییەکەی رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر دەکاتەوە."
 
حەماسیش لەسەر زاری ئوسامە حەمدان، گوتەبێژەکەی هەڵوێستی خۆی خستەڕوو. گوتی، "هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی دووژمن ئەنجامیان دەدات تەنیا دژی خەڵکی سڤیل و بێتاوانی فەڵەستینن لەو ناوچەی کە داگیرکار خۆی بە ناوچەی ئاسایش پۆلێنی کردوون، حەماس بە کەمتر لە ئاگربەستی تەواو و کشانەوەی تەواوی سوپای داگیرکار لە غەززە، رازی نابێت."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان چووە پاڵ ئیسپانیا، ئیتاڵیا، نەرویج، ئایرلاند و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا کە سەرکۆنەی هێرشی سەر کەمپی رەفەحیان کرد و تەلئەڤیڤیش بۆ هێورکردنەوەیان رێگەی دیپلۆماسی گرتووەتەبەر.