ئیسرائیل دەڵێت لە کەرتی غەززە تەقەی لە چەند ئەمبووڵانسێک کردووە

29-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تەقەی لە چەند ئەمبووڵانسێکی کەرتی غەززە کردووە. حەماس باس لەوە دەکات، ئیسرائیل بەو کارەی "تاوانی جەنگ"ـی ئەنجام داوە. 
 
رووداوەکە، یەکشەممەی رابردوو 23ـی مانگ لە گەڕەکی تەل سوڵتان لە باشووری شاری رەفەح لە نزیک سنووری میسر روویداوە.
 
سوپای ئیسرائیل ئەو کات رایگەیاند، سەرەتا سەربازەکانیان بە ئاراستەی چەند ئۆتۆمبێلێکی حەماس تەقەیان کردووە و چەند چەکدارێکی حەماسیان کوشتووە و "دوای چەند خولەکێک، چەند ئۆتۆمبێلێک بە شێوەیەکی گوماناوی بەرەو رووی سەربازەکان هاتن. سەربازەکان بە تەقەکردن وەڵامی ئۆتۆمبێلەکانیان دایەوە و چەند تیرۆریستێکی حەماس و جیهادی ئیسلامییان کوشت."
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە نەدا کە تەقە لە ئۆتۆمبێلەکانەوە کراوە یان نا.
 
رۆژی شەممە 29-03-2025 ئیسرائیل رایگەیاند، سوپا لێکۆڵینەوەی کردووە و دەرکەوتووە بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە "ئەمبووڵانس و ئاگرکوژێنەوە بوون."
 
ئیسرائیل سەرکۆنەی حەماسی کرد و گوتی: "بەردەوام ئەمبووڵانسەکانی غەززە بۆ مەبەستی تیرۆریستی بەکاردەهێنن."
 
هێزەکانی ئیسرائیل لە 20ـی ئادار هێرشێکیان لەو گەڕەکە کرد، ئەوەش دوو رۆژ دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی غەززە کردەوە و ئاگربەست کۆتایی هات.
 
رۆژێک دوای رووداوەکە، بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، تیمێکی شەش کەسییان بۆ گەڕەکی تەل سوڵتان ناردبوو بۆ ئەوەی چەند بریندار و کوژراوێک بگوازنەوە، بەڵام دەنگیان نەما.
 
دوێنێ هەینی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، تەرمی سەرۆکی تیمەکە و ئۆتۆمبێلەکانیان دۆزیوەتەوە و رایگەیاند: "ئۆتۆمبێلێکی کۆمەڵگەی مانگی سووری فەلەستینی بەتەواوی تێکشکابوو."
 
باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل "بە ئەنقەست کۆمەڵکوژییەکی قێزەونی بەرامبەر بەرگریی شارستانی و مانگی سووری فەلەستینی لە رەفەح ئەنجام داوە. کوشتنی تیمە فریاگوزارییەکان، کە بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پارێزراون، پێشێلکارییەکی زەقی پەیماننامەکانی جنێڤ و تاوانی جەنگە."
 
تۆم فلێچەر، سەرۆکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی رایگەیاند، لە 18ـی ئادارەوە "هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ناوچە قەرەباڵخەکاندا سەدان منداڵ و خەڵکی سڤیلی دیکەی کوشتووە."
 
فلێچەر گوتی: "نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە لەسەر جێگەکانیان دەکوژرێن. تەقە لە ئەمبووڵانسەکان دەکرێت. ئەندامی تیمە فریاگوزارییەکان دەکوژرێن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە