رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کوژرانی چەند کارمەندێکییەوە؛ ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) ستافەکەی لە غەززە کەم دەکاتەوە.
لە 18ـی ئەم مانگەوە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردەوە؛ سەرووی 855 کەس کوژران و نزیکەی هەزار و 870ی دیکەش بریندار بوون؛ بەشێکیان کارمەندی ئاژانسی ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بوون.
رۆسالیا بۆلین، کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەمکردنەوەی ستافەکەی لە غەززە دەڵێت، "ئەنتۆنیۆ گوتیرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناچاری بڕیاریدا بۆ ماوەیەکی کاتی، ژمارەی کارمەندی ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە کەم بکاتەوە؛ هەرچەندە پێویستی خێزان و منداڵانی غەززە تاوەکو دێت زیاتر دەبێت".
برسییەتی سەرتاسەرییە؛ نە ئاو، نە ئاوەڕۆ و نە کارەبا نیین. ئیسرائیل سەرووی 85٪ـی ژێرخانی غەززەی وێران کردووە.
سەلاح عەودە ئەبوو حازم، رۆژانێک گۆشتفرۆشێکی ناسراوی غەززە بوو، ئێستا سەوزەفرۆشە.
ئەبوو حازم عەودە، ئاوارەی غەززەیە و باس لەوە دەکات، "ناوم سەلاح عەودە ئەبوو حازمە، گۆشتفرۆش بووم لە بازاڕی شێخ رەزوان، بە شای گۆشتفرۆشانی غەززە ناسراو بووم. ئێستا هیچ شتێكمان نەماوە، چونکە دەروازەکان داخراون و ئاگربەست شکێندرا و خەڵک هەموو برسییەتی؛ غەززەییەکان لە بری گۆشتی سوور و سپی، ئێستا گۆشتی قوتوو دەخۆن".
دەگوترێت 59 بارمتە لای حەماس ماون، 25یان زیندوون و 34یان کوژراون؛ بۆیە لە تەلئەڤیڤ خۆپیشاندانەکان بەردەوامن.
ئەیتان ئایرۆن، خۆپیشاندەرە و ئاماژە بەوە دەکات، "هێشتا 59 بارمتە لە غەززە ماون، بۆیە داوای وەستاندنی شەڕ و گەڕاندنەوەیان دەکەین. لەسەر دەستی نەتانیاهوو و کابینە توندڕۆکەی، ئیسرائیل لە وڵاتێکی دیموکراسییەوە بەرەو دیکتاتۆری دەبردرێت".
بۆ یەکەم جاریش خۆپیشاندان دژ بە حەماس لە بەیت لاهیەی باکووری غەززە کرا. لە کاتێكدا حەماس بە دەستی دووژمن ناویان دەبات؛ بەڵام بزووتنەوەی فەتح لە کەرتی رۆژئاوا دەڵێت، خۆپێشاندانەکان بەڵگەن لەسەر مردنی حەماس، هەم وەک هێزی چەکداری و هەم وەک بیرۆکەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ