نەتەنیاهوو و نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبوونەوە

29-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆبووەوە. بەرپرسە ئەمریکییەکە بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستی غەززە سەردانی ناوچەکەی کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 29-01-2025 نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبووەوە."
 
رۆژی 22-01-2025، ستیڤ ویتکۆف لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ تیمێکی نێردراو بۆ نێو غەززە و دەوروبەری، چاودێریی جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە بکەن.
 
ویتکۆف بە میدیای ئەمریکای گوت: "بە نیازم بچمە ئیسرائیل، لە رێڕەوی نێتزاریم و فیلادیلفیا دەبمە بەشێک لە تیمێکی پشکنین."
 
ویتکۆف باسی لەوە کرد، هەموو وڵاتەکانی دیکەی ناوچەکە دەتوانن دەست بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بکەن. داوا لە ویتکۆف کرا ناوی وڵاتەکان بڵێت و گوتی: "قەتەر، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە سەرکەوتنی ئاگربەستی غەززە."
 
ئاگربەستی غەززە لە 19-01-2025 دەستیپێکرد و بڕیارە قۆناخی یەکەمی 42 رۆژ بخایەنێت.
 
رێڕەوی نێتزاریم بەنێوەڕاستی غەززە تێدەپەڕێت و لە رۆژهەڵاتەوە و بۆ رۆژئاوای کەرتەکە درێژ دەبێتەوە. ئیسرائیل ئەو رێڕەوەی کۆنتڕۆڵکرد بۆ ئەوەی رێگە لە جووڵە و هاتووچۆی غەززەییەکان لە نێوان باکوور و باشووری کەرتەکە بگرن. فیلادێلفیا رێڕەوێکی تەسکی نێوان غەززە و میسرە لە باشووری کەرتەکە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە