ئیسرائیل: سبەی 8 بارمتە ئازاد دەکرێن کە پێنجیان تایلەندین

29-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس رەزامەندیی داوە لەسەر ئازادکردنی سێ بارمتەی دیکە کە بڕیارەی سبەی پێنجشەممە ئازاد بکرێن و ناوەکانیشی، وەرگرتووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند، لیستی ناوی ئەو سێ بارمتەیەیان پێگەیشتووە کە بڕیارە چەکدارانی حەماس رۆژی پێنجشەممە بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، ئازادیان بکەن. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ناوی سێ بارمتەکەی بڵاونەکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لەدوای ئاگادارکردنەوەی خانەوادەی بارمتەکان، ئینجا ناوەکان ئاشکرا دەکەن. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، کە بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، دوو لەو بارمتانەی چاوەڕێ دەکرێت رۆژی پێنجشەممە ئازاد بکرێن، هەریەک لە ئەربیل یەهود و یەکێک لە سەربازە ئافرەتەکانیشیان بەناوی ئاگام بێرگەرە کە تەمەنی 19 ساڵانە، سێیەم بارمتەش، گادی مووشی مۆزیسی تەمەن 80 ساڵانە و هەر سێ خێزانی بارمتەکان ئاگادار کراونەتەوە.  
 
بەڵام بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، سێیەم بارمتە کە چاوەڕێ دەکرێت لەلایەن حەماسەوە ئازاد بکرێت، هاووڵاتییەکی ئەمریکی - ئیسرائیلییە بەناوی کیت سیگال؛ هیچ لایەنێکی فەرمی ئەو راپۆرتانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، میدیای ئیسرائیل، رایگەیاندووە؛ بڕیارەی رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئازادکردنی سێ بارمتە ئیسرائیلییەکە، پێنج بارمتەی تایلاندیش ئازاد بکرێن کە بەهەمان شێوە لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، لەلایەن چەکدارانی حەماس بەبارمتە گرتنی.  
 
بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، تائێستا هەشت بارمتەی تایلاندی لەنێو کەرتی غەززە دا ماون، لەگەڵ بارمتەیەکی نیپاڵی و تانزانیا، بەڵام دوو لە بارمتە تایلاندییەکان کوژراون لەگەڵ بارمتە تانزانییەکە. 
 
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، کە 19ـی ئەم مانگە چووە واری جێبەجێکردووە؛ تائێستا 7 بارمتە لەلایەن حەماسەوە ئازاد کراون کە سەرجەمیان ئافرەت بوون. لەبەرامبەردا، زیاتر لە 290 گیراوی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد کراون. 
 
یەکێک لەوانەی چاوەڕێ دەکرێت ئازاد بکرێت ئەربیل یەهودە، ئەو ئافرەتە ئیسرائیلیە، تەمەن 29 ساڵەی بووەتە بۆی ناکۆکییەکی زۆر لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، ئیسرائیلییەکان دەڵێن ئەو ئافرەتە کەسێکی سڤیلە، بەڵام حەماس دەڵێت؛ بۆیە ئیسرائیل سوورە لەسەر ئازادکردنی ئەربیل، لەبەرئەوەی ئەو سیخوڕی ئیسرائیل بووە، هەربۆیە لە دوو گەڕی پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکاندا، نەبووە، هەرچەندە ناویان لە لیستی ئەو بارمتانەدا بوو، کە بڕیار بووە ئازاد بکرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە