رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی بە تەلەفۆن "باسیان لە ئامانجی هاوبەشی رێگریکردن لە تیرۆر کرد بۆ ئەوەی مەترسی بۆ سەر تورکیا و سووریا دروستنەکات."
راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە ناوی هێزە کوردییەکان نەکردووە، بەڵام پێش ئەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو، فیدان بە بلینکنی گوتووە، "نابێت تیرۆرستانی پەکەکە/یەپەگە لە سووریا پەنابدرێن."
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەد)ـیە، لەلایەن تورکیاوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
لەبەرامبەر پشتیوانیکردنی واشنتن لە هەسەدە، تورکیا لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام ناڕەزایی خۆی پێشانداوە.
بەڵام واشنتن بەردەوام پێداگربووە لەسەر مانەوەی هەسەدە بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، "بلینکن جەختی لە پێویستیی پشتیوانیکردن لە پڕۆسەیەکی سیاسیی کردەوە کە لەلایەن سوورییەکانەوە سەرکردایەتی و خاوەنداریێتی بکرێت، رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و پەرە بە حکومەتێکی فرەلایەن و نوێنەرایەتیکار بدات."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کردبوو، فیدان بە بلینکنی راگەیاندووە، ئەنقەرە پشتیوانی لە هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەکات بۆ ئەوەی "یەکپارچەیی و ئاسایشی "وڵاتەکە" بپارێزن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها گوتوویەتی "گرنگە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە سەقامگیریی سووریا و تەواوکردنی قۆناخی راگوزەر بە شێوەیەکی رێکوپێک."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ