وەزیرێکی ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی عێراق و یەمەن ئاگربەست بکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرێکی کابینەی جەنگیی ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق و یەمەن، ئاگربەست واژۆ بکات.
 
زەیف ئەلکین، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری قودس/ئۆرشەلیم کە هاوکات وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانیشە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024)  بە رادیۆی سوپای ئیسرائیلی گوت "گرووپەکانی مقاوەمە لە عێراق و یەمەن پاڵپشتی لە حیزبوڵڵا ناکەن، بەڵام پاڵپشتی حەماس دەکەن؛ ئاگربەستییان لەگەڵ ناکەین."
 
لەوەتەی جەنگی غەززە لە 7-10-2023ـوە دەستیپێکردووە، حوسییەکان وەکو هاوسۆزی بۆ فەلەستینییەکان، ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بە رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سووردا تێپەڕ دەبن، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش چەندین جار هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر ئیسرائیل. 
 
دووشەممەی رابردوو، ئیسرائیل لە نامەیەکدا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، گوشار بخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانە بووەستێنێت، کە بە گوێرەی میدیای ئیسرائیلی، لەم چەند مانگەدا زیاتر لە 165 هێرشیان کردووە سەر ئیسرائیل.
 
وێڕای زیادبوونی مەترسیی کاردانەوە و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، شەوی یەکشەممە رایانگەیاند، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر دوو شوێنی باشووری ئیسرائیل.
 
رۆژی هەینی، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دهۆک، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، جگە لەو نامەیەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نێردراوە، حکومەتی ئیسرائیل "پەیامی زارەکی و نووسراو"ـی بۆ حکومەتی عێراق ناردووە، کە ئەوەش "واتای ئەوە دەگەیێنێت، هەندێک رێکار وەکو ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر عێراق گیراونەتەبەر."
 
فوئاد حوسێن روونیشیکردەوە، "هەنگاوی نێوخۆیی و دەرەکی لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گیراونەتەبەر."
 
رۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی، بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی راگەیاندووە پێویستە ئەرکی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات و رێکاری پێویست بگرێتەبەر، "بۆ وەستاندنی دوژمنکاریی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و لوبنان، هەروەها بۆ ناچارکردنی تاوەکو تووندوتیژی لە ناوچەکەدا بووەستێنێت و واز لە هەڕەشەکردن بهێنێت."
 
19ـی تشرینى دووەمیش، محەممەد شیاع سوودانى وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دابوو رێگرى لە هەر چالاکییەکى سەربازى لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت بکرێت، هەروەها چاودێریی هەموو  چالاکیێکى ئاسمانیى "دوژمنکارانە" بکرێت.