جەنگ وەستا، بەڵام برینەکانی حیزبوڵڵا بە ئاسانی ساڕێژ نابن

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای زیاتر لە 13 مانگ جەنگ، ئیدی شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل وەستا. تەرمی بەشێک لە چەکدارەکانی حیزبوڵڵا هێشتا لە گۆڕەپانی جەنگ کەوتوون. ئێستا بزووتنەوەکە دەبێت کوژراوەکان بنێژێت و پارێزگاری لەوانی دیکەش بکات. هەنگاوە سەرەتاییەکانی رێگەیەکی درێژی چاکبوونەوە و بەخۆهاتنەوەی حیزبوڵڵا دەستپێدەکات.
 
سێ سەرچاوەی باڵای نزیک لە بزووتنەوەکە، نەیانویستووە ناویان ئاشکرابێت و قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە. ئەوان دەڵێن، حیزبوڵڵا بڕوای وایە ژمارەی چەکدارە کوژراوەکانی دەگاتە چەند هەزارێک.
 
سەرچاوەیەک دەڵێت، بزووتنەوە شیعە لوبنانییەکە زیاتر لە 4000 چەکداری لەدەستداوە، ئەمەش 10 هێندە زیاترە لەو چەکدارانەی لە شەڕی یەک مانگەی لەگەڵ ئیسرائیل، لە ساڵی 2006ـدا کوژران. 
 
تەندروستیی لوبنان دەڵێت، لە سەرەتای جەنگەکەوە کە لە 08-10-2023 دەستیپێکرد، سێ هەزار و 800 کەس کوژراون. وەزارەتی تەندروستی راینەگەیاندووە چەند کەس لەو کوژراوانە سڤیل و چەندیان چەکدار بوون.
 
حیزبوڵڵا لە سەرەوە بۆ خواری خوارەوە هەژێندراوە، سەرکردایەتیی بزووتنەکەوە هێشتا لە شۆکی کوژرانی ئەمیندارەکەیانن. لایەنگران و بەشێکی زۆری خەڵکی لوبنانیش بە کۆمەڵ ئاوارە بوون و بەشێکی بەرچاوی باشووری بەیرووتیش وێرانکراوە.
 
ئاگربەست بە نێوەندگیریی ئەمریکا و هەوڵی فەرەنسا راگەیێنرا، لە رۆژی 27-11-2024ـەوە چووە واری جێبەجێکردن. ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 60 رۆژە، بەڵام کار دەکرێت بۆ ئەوەی بکرێتە هەمیشەیی.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان کردووە، ئێستا ئەجێندای بزووتنەوەکە بریتییە لە؛ کارکردن بۆ دووبارە دروستکردنەوەی پەیکەری سیاسی و رێکخراوەیی بزووتنەوەکە، چارەسەرکردنی بۆشاییە ئەمنییەکان و پێداچوونەوەیەکی تەواو بە ساڵی رابردوو، لەوانەش پێداچوونەوە بەو هەڵانەی "توانا تەکنەلۆژییەکانی ئیسرائیلیان بە کەم زانی."
 
حەسەن فەزلوڵڵا، ئەندام پەرلەمانی لوبنان و ئەندامی باڵای بزووتنەوەکە گوتی "ئەوەی بۆ ئێمە لە پێشینە بێت، خەڵکە. پەنایان دەدەین، داروپەردوو پاکدەکەینەوە، ماڵئاوایی لە شەهیدەکان دەکەین و قۆناخی داهاتوو دەستپێدەکەین، کە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و بنیادنانەوەیە."
 
سەرنجی هەڵمەتی درێژخایەنی ئیسرائیل لەسەر پێگەکانی بزووتنەوە شیعەمەزهەبەکە بوو. 
 
حەورا، خەڵکی باشووری بەیرووتە و چەند ئەندامێکی خێزانەکەی شەڕ بۆ حیزبوڵڵا دەکەن، ئەو گوتی "برایەکم شەهید بوو، هاوژینی خوشکەکەشم لە هێرشی ئامێرەکانی پەیجەر بریندار بوو. بەشێک لە دراوسێ و کەسوکارەکانی دیکەشم، شەهید بوون، یان بریندار بوون یانیش بێسەروشوێنن. دەمانەوێت شەهیدەکانمان بنێژین و ماڵەکانمان دروستبکەینەوە."
 
جەنگەکە، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن کەس، بەشێکی زۆریشیان لەو ناوچانەن کە حیزبوڵڵا دەسەڵاتی رەهای بەسەریاندا هەیە. 
 
بەرپرسێکی باڵای لوبنانیی نزیک لە حیزبوڵڵا دەڵێت، ئامانجی بزووتنەوەکە "گەڕانەوە و دروستکردنەوەی ماڵەکانیانە. حیزبوڵڵا بە پیاوێکی بریندار دەچێت، کەسێک بریندار بێت شەڕ دەکات؟ کەسی بریندار دەبێت تیماری برینەکانی بکات."
 
ئەو بەرپرسە، پێشبینیی ئەوە دەکات حیزبوڵڵا دوای ئەو جەنگە، دەست بە سیاسەتێکی فراوانی پێداچوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ مژارە سەرەکییەکان دەکات، لەوانەش: ئیسرائیل، چەکەکانی حیزبوڵڵا و سیاسەتی نێوخۆیی لوبنان.
 
ئێران کە پاڵپشتیکاری بزووتنەوەکەیە، بەڵێنی داوە لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە یارمەتیدەر بێت. ئەو بەرپرسە ئەوەی ئاشکراکرد ئێران چەندین رێگەی جیاوازی هەیە بۆ ئەوەی پارە بۆ حیزبوڵڵا بنێرێت، بەڵام باسی وردەکارییەکانی نەکرد. 
 
نەبیهـ بری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و هاوپەیمانی حیزبوڵڵا، داوای لە لوبنانییە دەوڵەمەندەکانی دیاسپۆرا کردووە، پارە بۆ ئاوارەکان بنێرن. ئەمە بەگوتەی دوو بەرپرس.
 
'موقاوەمە بەردەوام دەبێت'
 
حیزبوڵڵا هەمیشە ئاماژەی ئەوەی پیشانداوە کە چەک دانانێن و دەیانەوێت لە نەیارەکانیان بگەیێنن گوشاری زۆری ئیسرائیل کاری لەوان نەکردووە، ئەمەش بە گوتەی ئەو سەرچاوانە.
 
رۆژی 08-10-2023 حیزبوڵڵای لوبنانی بە شێوەیەکی سنووردار هاتە نێو جەنگەکە، رۆژێک دوای ئەوەی جەنگی غەززە دەستیپێکرد. هەرچەندە سوپای ئیسرائیل گورزی خراپی لە بزووتنەوە لوبنانییەکە داوە، بەڵام فەزلەڵڵا گوتی "موقاوەمە بەردەوام دەبێت. ئەو مووشەکانەی حیزبوڵڵا ئاراستەی باکووری دووژمنی کرد، نیشاندەری ئەوەن؛ ئەوان شکستیان هێناوە."
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوان توانیویانە حیزبوڵڵا "چەندین دەیە ببەنە دواوە، سەرکردە باڵاکانیان لەنێوببەن، زۆرینەی مووشەکەکانیان بێکەڵک بکەن، هەزاران چەکداریان بکوژن و ژێرخانیان وێرانبکەن."
 
بەرپرسێکی باڵای ناونەهێنراوی ئەمریکاش رایگەیاند "حیزبوڵڵا ئێستا زۆر لاواز بووە، لە رووی سەربازی و سیاسیشەوە."
 
بەگوێرەی ئەو ئاگربەستەی لەنێوانیانە، حیزبوڵڵا پێویستە هیچ چەکدارێکی لەنێوان سنووری باکووری ئیسرائیل و رووباری لیتانی لە لوبنان نەبێت، کە نێوانیان نزیکەی 30 کیلۆمەترە. حیزبوڵڵا بە مەرجەکە رازی بووە، بەڵام راینەگەیاندووە چۆن جێبەجێی دەکات، ئایا چەک و تەقەمەنییەکانی بە دەستی خۆی دەداتە سوپای لوبنان کە دێنە ئەوێ؟ یان جێدە‌هێڵن و سوپا بۆخۆیان بیاندۆزێتەوە.
 
'دانەوەی قەرزەکە'
 
بەگوتەی چەند هاووڵاتییەکی لوبنانی کە سوودمەندی دارایی حیزبوڵڵا بوون، بزووتنەوەکە مانگانە 200 دۆلاری ئەمریکی دەداتە ئەو کەسانەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی جەنگەکە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ناوچە سنوورییەکان دەمێننەوە. هەر خێزانێکیش لەسەرەتای ئەم جەنگەوە تاوەکو ئێستا ئاوارەبووبێت، 300 دۆلاری مانگانەی وەرگرتووە. حیزبوڵڵا ئەوەی نەشاردووەتەوە لە زۆر سەرچاوەوە، لەوانەش ئێران، پارەی بۆدێت."
 
لە گوتارێکی مانگی پێشوو، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی "وێرانکارییەکە نامێنێت، ئەرکی ئێمەیە قەرزی لوبنانی خوێناوی و بریندار بدەینەوە."
 
بانکی جیهانی دەڵێت، زیانی ئابووریی شەڕەکە لەسەر لوبنان 8.5 ملیار دۆلارە، ئەو بڕە پارەیە بە حکومەتی لوبنان پڕنابێتەوە، بەهۆی ئەوەی هێشتا لەو قەیرانە ئابوورییە دەناڵێنێت کە پێنج ساڵ لەمەوبەر تووشی بوو.
 
وڵاتانی کەنداو، لەوانەش قەتەر، کوێت و سعودیە یارمەتیی لوبنانیان دا ئەو پێنج ملیار دۆلارە بداتەوە، کە لە ساڵی 2006 بۆ ئاوەدانکردنەوە قەرزی کردبوو. هیچ ئاماژەیەکیش نییە ئەو سێ وڵاتە سوننەیە، هەمان شت دووبارە بکەنەوە.
 
لەدوای شەڕە یەک مانگییەکەی 2006، حیزبوڵڵا کاری ئاوەدانکردنەوەی زۆری کردووە، بەشێکی زۆریش ئێران پارەکەی داوە. پڕۆژەکە لەلایەن هاشم سەفیەدینەوە بەڕێوەدەچوو، کە 11 رۆژ دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵا، کوژرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای رووسیا و دیمەنێکی لوبنان لەکاتی بۆردوومانی ئیسرائیل

رووسیا: ئاگربەستەکەی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بە ئەرێنی دەبینین

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا پێشوازیی لە ئاگربەستەکەی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دەکات و داوا دەکات بە تەواوی جێبەجێبکرێت.