رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوای لە خەڵکەکەی کرد کە ئەمڕۆ شەممە لە گردبوونەوەیەکی گەورەدا لە ئیستەنبووڵ بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی فەلەستین ئامادەبن.
گردبوونەوەکە کاژێر 15:00 بە کاتی ئەنقەرە (هەمان کات بە کاتی هەولێر) لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لەژێر ناونیشانی "گردبوونەوەی گەورە بۆ فەلەستین" بەڕێوەدەچێت و تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێک پێشکێش دەکات.
شەوی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس(توویتەری پێشوو) داوای لە هاووڵاتییان کرد لە گردبوونەوە جەماوەرییەکەدا بەشداربن و نووسیویەتی، "داوا لە هەر تاکێکی میللـەتە ئازیزەکەم دەکەم، بەشداری لە گردبوونەوەی گەورە بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی فەلەستین بکەن. با لە رێگەی ئەم گردبوونەوە جەماوەرییەمانەوە بە هەموو جیهان بڵێین، ئێمە لە پاڵ برایانمانین لە فەلەستین."
ئەردۆغان لە چەند رۆژی رابردوویشدا چەندین جار لەبارەی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل قسەی کردووە. رۆژی 26ـی مانگ، ئەردۆغان لە گوتارێکدا رایگەیاند، "هێرشەکانی سەر غەززە دەمێکە سنووری بەرگری لەخۆکردنیان تێپەڕاندووە و گۆڕاون بۆ ستەم، دڕەندەیی و کۆمەڵکوژیی ئاشکرا"؛ گوتیشی، ''ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە جیهان تەنیا بینەری ئەم دڕندەییەیە."
ئەردۆغان هەروەها گوتی، "کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا کە هەمیشە سەری زمان و بنی زمانی ماف و ئازادییەکانە، دەڵێت "هێشتا ناتوانین داوای ئاگربەست بکەین. پێویستە چەند منداڵی دیکە بمرن بۆ ئەوەی ئێوە داوای ئاگربەست بکەن؟ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش تاوەکو ئێستا هەنگاوی نەناوە. باشە دەبێ چەند تۆن بۆمبی دیکە بەسەر غەززەدا ببارێت تا ئەنجوومەنی ئاسایش هەڵوێست وەربگرێت؟"
شەڕی ئەمجارەی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل رۆژی 7ـی ئەم مانگە دەستی پێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەو رۆژە چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و دوای ئەوەش حکومەتی ئیسرائیل بڕیاری شەڕی دژی چەکدارانی حەماس دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ