عەلی لاریجانی: ئیسرائیل خەریکە هێڵە سوورەکانی ئێران دەبەزێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، ئیسرائیل خەریکە هێڵە سوورەکانی ئێران دەبەزێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "نەتەنیاهوو گەیشتووەتەوە ئەو ئاستەی بەرامبەر ئێرانیش زماندرێژی دەکات."
 
عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی هێرشەکەی رۆژی هەینی 27-09-2024ی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنان لە باشووری بەیرووت، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، "کاتێک سەرکردە و فەرماندەکانی بەرەی موقاوەمە تیرۆر دەکرێن، [سوپای ئیسرائیل] گومانی نەبێت کە جێگەیان پڕ دەکرێتەوە. ئەم رێگەیە بەردەوامە و بە تیرۆر تەنیا هەستیاریی خەڵکی لوبنان زیاتر دەبێت و بۆ خۆڕاگری پێداگرتر دەبن."
 
عەلی لاریجانی لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل گوتی، "لە هەر دۆخێکدا لەگەڵ بەرەی موقاوەمە دەمێنینەوە. ئیسرائیل خەریکە هێڵە سوورەکانی ئێران دەبەزێنێت و بابەتەکە جیدی دەبێت."
 
قسەکانی لاریجانی لەکاتێکدان دوێنێ هەینی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتارێکی پێشکێش کرد و نەخشەیەکی پیشانی ئامادەبووان دا کە تێیدا عێراق، سووریا و ئێران بە رەنگی رەش دیاریکرابوون.
 
نەتەنیاهوو نەخشەکەی بە نەخشەی "نەفرەت" ناوبرد و گوتی، "ئەو نەخشەیە نەخشەی تیرۆرە و ئێران دروستی کردووە، کەوانە شێرپەنجەییەکەی ئێران (مەبەست لێی هەر سێ وڵاتەکە بوو) رێڕەوە ئاوییەکانی داخستووە و هەڕەشە لە ملیۆنان کەس دەکات."
 
ئەو راوێژکارەی خامنەیی کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشە گوتی، "لە قسەکانی نەتەنیاهووە دیارە کە بەرامبەر ئێرانیش زماندرێژی دەکات، دووپاتی دەکەمەوە ئێران هیچ کات دەست لە بەرگریکردن لە بەرەی موقاوەمە هەڵناگرێت، چونکە ئەو بابەتە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران."
 
بەگوتەی لاریجانی، ئێران بە هۆکاری ئایینی، مرۆیی و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بەرگری لە بەرەی موقاوەمە دەکات.
 
دوێنێ هەینی 27-09-2024 سوپای ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر باشووری بەیرووت و گوتی، بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج؛ ئەمڕۆش بڵاویکردەوە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە هێرشەکەدا کوژراوە.
 
لاریجانی لەبارەی قووڵبوونەوەی زیاتری گرژییەکان و ئەگەری هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان گوتی، "ئەگەر [ئیسرائیل] بیەوێت هێرشی زەوینی بکات، تووشی رووداوی  زۆر دەبێت، هێشتا چیرۆکی زۆر لە ئارادایە."
 
لاریجانی گوتیشی، "هاوشێوەی خەڵکی ئێران کە ناچنە ژێر گوشاری ئەمریکا و ئیسرائیل، هاووڵاتییانی لوبنان و بەشێک لە عێراقیش هەر بەو شێوەیەن، موقاوەمە لە لوبنان ناوەستێت."
 
شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، بەڵام لە 23ی ئەم مانگەوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت چڕتربوونەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، هەر لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 700 کەس لە لوبنان کوژراون و زۆربەیان سڤیلن.