سوپای ئیسرائیل: حەسەن نەسروڵڵا کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە هێرشەکەی دوێنێی سەر باشووری بەیرووت کوژراوە. گوتەبێژی حیزبوڵڵاش بە رووداوی گوت، هێشتا کوژرانی نەسروڵڵا یەکلایی نەبووەتەوە.

رۆژی شەممە 28-09-2024 سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە هێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت کوژراوە. ناداڤ شۆشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە ئێکس نووسی، "حەسەن نەسروڵڵا کوژرا."

لە لایەکی دیکەوە، دەیڤید ئەڤراهام، گوتەبێژێکی دیکەی سوپاکە نووسی، "حەسەن نەسروڵڵا لە هێرشەکەی دوێنێ هەینی کوژراوە."

هێرزی هەڵێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل گوتی، "کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا پەیامێکە کە ئیسرائیل دەستی دەگاتە هەر کەسێک کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل. ئەمە هێشتا کۆتایی نییە."

هەر ئەمڕۆ رەنا ساحری، گوتەبێژی حیزبوڵڵای لوبنانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا "یەکلایی نەبووەتەوە."

سوپای ئیسرائیل هەروەها گوتی، عەلی کەرکی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵا و چەند سەرکردەیەکی دیکەی بزووتنەوەکە لەو هێرشەدا کوژراون.

دوێنێ هەینی 27-09-2024 سوپای ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر باشووری بەیرووت و گوتی، بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج. چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵا رایانگەیاند، لە هێرشەکەدا شەش باڵەخانە خاپوور کراون.

ئەوکات چەند سەرچاوەیەکی میدیایی ئیسرائیل رایانگەیاند، لە هێرشەکەدا حەسەن نەسروڵڵا کراوەتە ئامانج، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە حیزبوڵڵا و میدیای ئێران رایانگەیاند، "نەسروڵڵا سەلامەتە." دوای هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە دەکەن.

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ لە نیویۆرک بوو و گوتارێکی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێشکرد و گوتی، "حیزبوڵڵا رێگەی شەڕی هەڵبژاردووە. ئێمەش هیچ هەڵبژاردەیەکمان نییە جگە لە شەڕ. شەڕ دەکەین تاوەکو هەموو ئامانجەکانمان بەدەستدەهێنین."

شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، بەڵام لە 23ـی ئەم مانگەوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت چڕتربوونەوە. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، هەر لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 700 کەس لە لوبنان کوژراون و زۆربەیان سڤیلن.

چەند زانیارییەک لەبارەی حەسەن نەسروڵڵاوە

- یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە
- چەندین ساڵ بوو لەنێو خەڵک نەبیندرابوو
- ساڵی 1960 لەدایکبوو
- گەورەترین کوڕی 9 منداڵی خێزانەکەی بوو
- ساڵی 1975 پەیوەندی بە بزووتنەوەی ئەمەلەوە کرد 
- ساڵی 1982 لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە پارتی ئەمەلی ئیسلامییان دامەزراند 
- ئەمەلی ئیسلامی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی گەورەی کرا 
- ساڵی 1985 بزووتنەوەی حیزبوڵڵا دامەزرا 
- بەشی زۆری بەرپرسەکانی حیزبوڵڵا لە بەرپرسانی ئەمەلی ئیسلامی بوون 
- نەسروڵڵا ساڵی 1992 بووە ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، دوای ئەوەی عەباس مووسەوی لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا کوژرا
- حیزبوڵڵا و ئیسرائیل کەوتنە شەڕ و ئەنجامەکەی ئەوە بوو لە ساڵی 2000 سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کشایەوە
- ساڵی 2006 شەڕ لەگەڵ سوپای ئیسرائیل دەستی پێکردەوە
- شەڕەکە 34 رۆژ بەردەوام بوو
- 2013 نەسروڵڵا رایگەیاند، چەکدار بۆ سووریا دەنێرێت بۆ پاڵپشتیکردن لە ئەسەد
- 8-10-2023 بڕیاریدا بەشێوەیەکی سنووردار بچێتە نێو جەنگی ئیسرائیل و حەماس 
- 27-9-2024 سوپای ئیسرائیل باشووری بەیرووتی بۆردوومانکرد 
- 28-9-2024 سوپای ئیسرائیل کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای راگەیاند