لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە 29 هاووڵاتی سووریایی لە لوبنان کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە ئۆکتۆبەری رابردووەوە کە گرژیی نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل زیادیکردووە، 29 هاووڵاتی سووریایی لە لوبنان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی ناسراو بە ئۆچا (OCHA) دەڵێت، لە 7ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە کە جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی باشووری لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە 133 هاووڵاتی سڤیل کوژراون.
نووسینگەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو 133 کەسە 33یان ژن، 22یان منداڵ، 21یان کارمەندی تەندروستی و 3یان رۆژنامەڤان بوون.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا لە سنووری باشووری لوبنان 110 هەزار کەس بەهۆی گرژییەکانەوە ئاوارە و دەربەدەر بوون.
ژمارەیەکی بەرچاو لە کوژراوەکان لەم دوو مانگەی رابردوودا بوون.
لە 17ـی ئەم مانگەدا لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکی باشووری لوبنان، لانیکەم 10 هاووڵاتی سووریایی کوژران.
ئەو کاتە ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان رایگەیاند، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ناوچەیەکی پیشەسازییان کردووەتەوە ئامانج، بەڵام سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، باڵەخانەیەکیان کردووەتە ئامانج کە حیزبوڵڵا بۆ مەبەستی سەربازی بەکاریهێناوە.
رۆژی 1ـی ئەم مانگەش، ئیسرائیل ناوچەیەکی نێوان شارۆچکەی شاما و تیر حەرفای لە باشووری لوبنان کردە ئامانج. میدیای لوبنان بڵاویکردەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی سووریایی لە ئەنجامی هێرشەکە کوژراون.
17ـی مانگی رابردووش، ئیسرائیل دوو ناوچەی باشووری لوبنانی کردە ئامانج و بەو هۆیەوە پێنج هاووڵاتی سووریایی کوژران؛ سێ لە کوژراوەکان خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، نزیکەی 6.7 ملیۆن هاووڵاتی سووریایی وڵاتەکەی خۆیان جێهێشتووە، لەو ژمارەیەش، بەگوتەی بەرپرسانی لوبنان، نزیکەی 1.5 تاوەکو دوو ملیۆنیان چوونەتە لوبنان.