رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانیان، ئەمڕۆ شەممە لووتکەی بەغدا عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەری کۆکردەوە. ئەمە دوای ئەوە هات کە میسر و سعودییە و ژمارەیەک وڵاتیی دیکە لە ساڵی 2017 بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر دا.
پێش کۆبوونەوەی سەرۆکی میسر و میری قەتەر، بەسام رازی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی میسر لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی لە بەغدای پایتەختی عێراق چاوی بە میری قەتەر، میر تەمیم بن حەمەد ئال سانى دەکەوێت."
لە سەرەتای ساڵی 2017 هەریەک لە سعودییە، ئیمارات، بەحرێن و میسر بایکۆتی قەتەریان کرد. دوای چەند ساڵێک لە گرژی و بایکۆت، بەمدواییانە پەیوەندییەکانی میسر و قەتەر بەرەو ئاسایی بوونەوە چوونە، ئەوەش دوای واژۆکردونی رێککەوتننامەی عولای نێوان سعودیە و قەتەر لە سەرەتای ساڵی 2021.
دوای کۆبوونەوەکەی سەرۆکی میسر و میری قەتەر، سەرۆکایەتیی میسر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دیدارەکە بۆ دەستپێکردنەوەی میکانیزمەکانی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتە و هەردوو سەرۆک لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەپێی ئەوەی لە رێککەوتننامەی عولا هاتووە.
ئەمڕۆ شەممە 28ی ئابی 2021، بە بەشداری نۆ وڵات کە بریتین لە سعودییە، ئیمارات، میسر، قەتەر، فەرەنسا، تورکیا، ئوردن، ئێران، کوێت، لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی بەڕێوەچوو.
جگە لە ئێران، سعودیە و تورکیا کە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەیان بەشداری لووتکەکەن، وڵاتانی دیکە بە کەسانی یەکەم و دووەمی وڵاتان بەشداربوون.
لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی لەدوای ساڵی 2003ـەوە فراوانترین کۆبوونەوەی سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵاتە لە عێراق، ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە عێراق رۆڵی نێوەندگیری لە کێشە و ململانێکانی ناوچەکە ببینێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ