ئەردۆغان: هاوشێوەی قەرەباخ و لیبیا بە ئیسرائیلیش دەکەین

دوێنێ کاژێر 11:27
کۆسار عوسمان @KassoOsman
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا بە تووندی رەخنەی لە ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، هاوشێوەی چوونیان بۆ قەرەباخ و لیبیا، دەڕۆنە ئیسرائیلیش. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رێکخستنەکانی پارتەکەی لە پارێزگای ریزە ئەو قسانەی کرد.
 
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ئەردۆغان باسی لەوە کرد، پێویستە تورکیا بەهێز بێت بۆ ئەوەی ئیسرائیل نەتوانێت ئەمە لەگەڵ فەلەستین بکات: "ئێمە چۆن چووینە نێو قەرەباخ، چۆن چووینە لیبیا، هاوشێوەی ئەمە بە ئەوانیش دەکەین. هیچ شتێک نییە کە نەتوانین. تەنیا دەبێت ئێمە بەهێز بین تا ئەم هەنگاوانە بنێین".
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ رەخنە لەوە دەگرن، گوایە مەحموود عەباس بانگهێشتی پەرلەمانی تورکیا نەکراوە، تورکیا بانگهێشتی عەباسی کردووە، بەڵام ئەو بە ئەرێنی وەڵامی تورکیای نەداوەتەوە.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا لە بەرامبەر ئیسرائیل، ئەردۆغان باسی لەوە کرد ئەم گوتارانەیان بەرامبەر ئیسرائیل هەیە و تەواوی بازرگانی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل وەستاندووە.
 
پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ لە ساڵی 2008ـەوە گرژییان تێکەوت، ئەوەش بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە. ساڵی 2010 کاتێک سەربازانی ئیسرائیلی هەڵیانکوتایە سەر کەشتییەکی تورکیا کە بەنیازبوو گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و بە گوتەی بەرپرسانی تورکیا، هاوکاری بگەیێنێتە فەڵەستینییەکان، پەیوەندییەکانیان خراپتر بوون.
 
ساڵی 2016 بۆ 2018، نیمچە ئاساییبوونەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل روویدا، بەڵام دوای کوژرانی زیاتر لە 200 خۆپێشاندەری فەڵەستینی جارێکی دیکە گرژی دروستبوو. 
 
تەممووزی 2021 دوای دەستبەکاربوونی ئیسحاق هێرزۆگ وەکو سەرۆکی نوێی ئیسرائیل، جارێکی دیکە پرۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل دەستیپێکرد. 
 
سەرەڕای ناکۆکییە سیاسییەکانی ئیسرائیل و تورکیا، لە بواری بازرگانیدا پەیوەندییەکان هەر بەهێز بوون و تورکیاش وڵاتێکی لەبار بووە بۆ گەشتیارانی ئیسرائیلی. ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا بەرپرسانی تورکیا ئەم پەیوەندییانە رەتدەکەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە